دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 106

شایستەسالاری وەک بنەمای هێزی دەوڵەت

کۆماری کوردستان لەسەر بنەمای ڕەهای شایستەسالاری دادەمەزرێت. ئەم پرەنسیپەکۆڵەکەی پشتی پۆڵایینی دەوڵەت و پەیمانێکی پیرۆزە لەنێوان دەوڵەت و شارۆمەندانیدا. بەپێی ئەم بنەمایە، دەسەڵات، پێگە و بەرپرسیارێتی تەنیا و تەنیا بەپێی لێهاتوویی، توانای زانستی و کرداری، پا…

بەندی 106 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

کۆماری کوردستان لەسەر بنەمای ڕەهای شایستەسالاری دادەمەزرێت. ئەم پرەنسیپەکۆڵەکەی پشتی پۆڵایینی دەوڵەت و پەیمانێکی پیرۆزە لەنێوان دەوڵەت و شارۆمەندانیدا. بەپێی ئەم بنەمایە، دەسەڵات، پێگە و بەرپرسیارێتی تەنیا و تەنیا بەپێی لێهاتوویی، توانای زانستی و کرداری، پاکی و دڵسۆزیی بێ مەرج بۆ دەوڵەت، نەتەوە و دەستوور دەبەخشرێت.

یەکەم: پانتایی ڕاییکردن

بنەمای شایستەسالاری بە شێوەیەکی گشتگیر و بێ جیاوازی، گشت بوارەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دامەزراوە گشتییەکان دەگرێتەوە، بەتایبەتی:

١.١. ڕاژەی ژیاریی و کارگێڕیی: دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە لە گشت فەرمانگە، کاروبار و دەستە دەوڵەتییەکاندا.

١.٢. هێزە چەکدارەکان و دەزگا هەدارییەکان: وەرگرتن و پێشکەوتنی ئەفسەران و پلەدارەکان لە ئارتەش، پۆلیس و دەزگاکانی ئاسایشدا.

١.٣. دەسەڵاتی دادوەری: هەڵبژاردن و پێگەیاندنی دادوەران و داخوازکارانی گشتی لە هەموو ئاستەکاندا.

١.٤. دەزگای دیپلۆماسی: دانانی باڵیۆزان، کونسوڵەکان و گشت دیپلۆماتکارانی وڵات.

١.٥. کەرتی ئابووریی دەوڵەتی: بەڕێوەبردنی کۆمپانیا و دامەزراوە ئابوورییە دەوڵەتییەکان و پۆستە باڵاکانیان.

١.٦. پۆست و ژینگە کارییە سەروەری و هەستیارەکان: بنەمای شایستەسالاری لە گرتنی پۆستە سەروەرییەکان و کارکردن لە ژینگە کارییە سەروەری و هەستیارەکاندا، لەگەڵ ئەو مەرجە دەستووری و قانوونییانەدا ڕایی دەکرێت کە بۆ پاراستنی سەروەریی نەتەوەیی، ئاسایشی نەتەوەیی، نهێنییەکانی دەوڵەت، ژێرخانی ژینەکی و بڕیاری سەروەریی کۆمار دیاری کراون.

دووەم: ڕێنەدراوکردنی دژە-شایستەسالاری

هەر جۆرە دامەزراندن، پلەبەرزکردنەوە یان پێسپاردنی ئەرکێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا لەسەر بنەمای جگە لە شایستەیی، بەتایبەتی لەسەر بنەمای خزمخزمێنە، لایەنگریی پارتایەتی، پەیوەندیی خێڵەکی، ناوچەگەری یان بەرژەوەندیی کەسی و بازرگانی، بە تاوانێکی قورس دژی کارایی دەوڵەت و ناپاکی لە متمانەی نەتەوەیی هەژمار دەکرێت و بەپێی قانوون سزای توندی لەسەر دەبێت.

سێیەم: میکانیزمی ڕاییکردن و چاودێری

بۆ دڵنیابوون لە ڕاییکردنی ئەم بنەما نەگۆڕە، "دەستەی باڵای شایستەسالاری و ڕاژەی دەوڵەتی" وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و خاوەن دەسەڵاتی تەواوی کارگێڕی و دارایی دادەمەزرێت. ئەرکی ئەم دەستەیە بریتی دەبێت لە:

٣.١. دانانی ستاندارد و پێوەری زانستی و پیشەیی ورد بۆ هەموو پۆستە گشتییەکان.

٣.٢. سەرپەرشتیکردنی تاقیکردنەوەی نیشتمانیی یەکگرتوو و ڕووەن بۆ وەرگرتن لە ڕاژەی دەوڵەتیدا.

٣.٣. لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد بۆ هەر سکاڵایەک کە پەیوەندی بە پێشێلکردنی بنەمای شایستەسالارییەوە هەبێت.

٣.٤. لە پۆستە سەروەرییەکان و ژینگە کارییە سەروەری و هەستیارەکاندا، دەستەی باڵای شایستەسالاری و ڕاژەی دەوڵەتی پابەندە پێوەرەکانی شایستەیی لەگەڵ ئەو مەرجە دەستووری، قانوونی و هەدارییانەدا هاوئاهەنگ بکات کە بۆ پاراستنی سەروەریی نەتەوەیی، ئاسایشی نەتەوەیی، نهێنییەکانی دەوڵەت، ژێرخانی ژینەکی و بڕیاری سەروەریی کۆمار دیاری کراون.

چوارەم: پەروەردە وەک لانکەی شایستەسالاری

ڕاییکردنی شایستەسالاری لە پەرگاڵی پەروەردەوە دەست پێدەکات. دەوڵەت بە دابینکردنی دەرفەتی یەکسانی پەروەردەیی باڵا بۆ هەموو شارۆمەندان پابەندە. وەرگرتن لە زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندنی باڵا، تەنیا لەسەر بنەمای توانای زانستی و لێهاتوویی دەبێت.

پێنجەم: ئەرکی دەوڵەت بۆ دۆزینەوە و پێگەیاندنی بەهرەکان

دەوڵەت تەنیا چاوەڕێی هاتنی کەسانی شایستە ناکات، بەڵکو بە شێوەیەکی سیستماتیک و ئامانجدار، کار بۆ دۆزینەوە و پێگەیاندنیان دەکات، لە ڕێگەی دامەزراندنی پرۆگرامی نیشتمانی بۆ دۆزینەوەی بەهرە تایبەتەکان لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندندا.

شەشەم: ماف و ئەرکی شارۆمەند

مافی هەر شارۆمەندێکە کە تەنیا لەسەر بنەمای توانست و لێهاتوویی خۆی هەڵبسەنگێنرێت. ئەرکی هەر شارۆمەندێکیشە کە بێوچان کار بۆ پەرەپێدانی تواناکانی خۆی بکات.

حەوتەم: ڕوونایەتی و میکانیزمی تانەلێدان

گشت پرۆسەکانی دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە لەژێر چاودێریی "دەستەی باڵای شایستەسالاری"ـدا بە شێوەیەکی ڕووەن بەڕێوە دەچن. قانوون مافی تانەلێدان و سکاڵا بۆ هەر شارۆمەندێک مسۆگەر دەکات.