تاوانی جەردەسالاری و داڕزاندنی دەوڵەت
جەردەسالاری هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر خودی بوونی کۆمار؛ متمانەی نێوان شارۆمەند و دەوڵەت لەناودەبات، بنەماکانی دادی کۆمەڵایەتی پووچەڵ دەکاتەوە، ئابووریی نیشتمانی گۆج دەکات و دواجار ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەریی دەوڵەت دەخاتە بەردەم هەڕەشەی ڕووخانی مسۆگەرەوە. ل…
جەردەسالاری هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر خودی بوونی کۆمار؛ متمانەی نێوان شارۆمەند و دەوڵەت لەناودەبات، بنەماکانی دادی کۆمەڵایەتی پووچەڵ دەکاتەوە، ئابووریی نیشتمانی گۆج دەکات و دواجار ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەریی دەوڵەت دەخاتە بەردەم هەڕەشەی ڕووخانی مسۆگەرەوە. لەم سۆنگەیەوە، بەرەنگاربوونەوە و ڕیشەکێشکردنی، جەنگێکی بوونایەتیی بێ سازش و ئەرکێکی دەستووریی باڵا و نەگۆڕی دەوڵەتە بۆ پاراستنی ڕۆحی کۆمار.
یەکەم: پێناسەی قانوونیی و کردەوە تاوانکارییەکان
١.١. جەردەسالاری، بۆ مەبەستی ئەم دەستوورە، بریتییە لە بەکارهێنانی سیستماتیکی پۆستی گشتی و دەسەڵاتی دەوڵەتی بۆ دەستخستنی سوود و بەرژەوەندیی ناقانوونیی، کە ببێتە هۆی زیانگەیاندنی ژینەکی بە سامانی گشتی و بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆمار.
١.٢. کردەوەکانی پێکهێنەری ئەم تاوانە، کە تەنیا بەمانە سنووردار نامێنێتەوە، بریتین لە:
ئا. دەستبەسەراگرتنی ناقانوونیی داهاتی سامانە سروشتی و ستراتیژییەکانی دەوڵەت.
ب. بەد بەکارهێنانی بودجەی گشتی لە ڕێگەی پڕۆژەی وەهمی، زیادکردنی تێچووی ناڕاستەقینە، یان خەرجکردنی ناڕوون.
پ. پێدانی گرێبەستە گشتییەکان و مۆڵەتەکان بە شێوەی ناقانوونیی و بەبێ ڕەچاوکردنی کێبڕکێی دادپەروەرانە.
ت. بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ دروستکردنی قۆرخکاریی ناقانوونیی لە کەرتە ئابوورییەکاندا.
ج. کاریگەریکردنە سەر سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و دەزگاکانی ڕاییکردنی قانوون، بە مەبەستی پاراستنی تاوانباران.
چ. گواستنەوە، سپیکردنەوە و شاردنەوەی ئەو سامانانەی کە بە ناقانوونیی بەدەست هاتوون لە دامەزراوە داراییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا.
ح. بەکارهێنانی پۆستی گشتی بۆ دامەزراندنی تۆڕێکی مشەخۆر لەسەر بنەمای خزمخزمێنە و لایەنگریی پارتی.
دووەم: قەڵغانی نیشتمانیی دژە-جەردەسالاری
٢.١. بەپێی قانوون، "دەستەی نیشتمانیی قەڵغانی دژە-جەردەسالاری" وەک دامەزراوەیەکی دەستووریی سەربەخۆی کارگێڕی و دارایی دادەمەزرێت. ئەم دەستەیە تەنیا لەبەرامبەر دەسەڵاتی قانوونداناندا وەڵامدەرەوەیە و لەژێر هیچ کاریگەرییەکی دەسەڵاتی ڕایەداردا نابێت.
٢.٢. سەرۆک و ئەندامانی باڵای دەستەکە، لەسەر پێشنیازی سەرکۆمار و بە ڕەزامەندیی زۆرینەی ڕەهای مەکۆی ژیران دادەنرێن، بۆ دڵنیابوون لە سەربەخۆیی و بێلایەنیی تەواویان.
سێیەم: دەسەڵات و ڕێکارە تایبەتەکان
٣.١. دەستەی نیشتمانیی قەڵغانی دژە-جەردەسالاری خاوەنی ئەم دەسەڵاتە تایبەتانە دەبێت:
ئا. دەسەڵاتی لێکۆڵینەوەی گشتگیر: لێکۆڵینەوە لە گشت کردەوەیەکی گوماناوی لە هەموو ئاست و دامەزراوەیەکی دەوڵەتدا، بەبێ ڕەچاوکردنی پارێزبەندیی هیچ پۆست و پلەیەک، بە سەرکۆماریشەوە.
ب. دەسەڵاتی دەستگەیشتن بە زانیاری: مافی دەستگەیشتنی بێسنووری بە گشت بەڵگەنامە، داتا و تۆمارە داراییەکان هەیە، بە فەرمانی دادوەری.
پ. دەسەڵاتی جووڵاندنی داخوازی قانوونیی: جووڵاندنی داخوازی قانوونیی ڕاستەوخۆ لە دادگای تایبەتمەند بە تاوانەکانی ئاسایشی نەتەوەیی.
ت. دەسەڵاتی دەستبەسەراگرتنی کاتیی سامان: بە فەرمانی دادوەری، دەسەڵاتی دەستبەسەراگرتنی کاتیی ئەو سامانانەی دەبێت کە گومانی ناقانوونییبوونیان لێدەکرێت.
ج. دەسەڵاتی گێڕانەوەی سامان: دامەزراندنی یەکەیەکی پسپۆڕی قانوونیی و دیپلۆماسی بۆ بەدواداچوون و گێڕانەوەی سامانە گواستراوەکان بۆ دەرەوەی وڵات.
چ. چاودێریکردنی ڕەوشی دارایی بەرپرسان: چاودێریکردنی بێپسانەوەی زیادبوونی سامانی بەرپرسانی باڵای دەوڵەت و لێکۆڵینەوە لە هەر زیادبوونێکی ناڕەوا و گوماناوی.
چوارەم: سزا و دەرەنجامە قانوونییەکان
تاوانی جەردەسالاری ڕووبەڕووی توندترین سزای قانوونیی دەبێتەوە:
٤.١. سزای سەرەکی بریتییە لە زیندانیکردنی درێژخایەن.
٤.٢. ئەم تاوانە بە تێپەڕبوونی کات لە کۆڵ نابێتەوە و لێخۆشبوونی گشتی یان تایبەتی نایگرێتەوە. هیچ دەسەڵاتێکی دەوڵەت، بە سەرکۆماریشەوە، مافی دەرکردنی بڕیاری لێبوردنی بۆ تاوانبارانی ئەم بوارە نییە.
٤.٣. وەک سزای تەواوکەر، تاوانبار بە شێوەیەکی هەردەمیی لە گشت مافە وارگێڕی و ژیارییەکان، وەک مافی هەڵبژاردن، خۆپاڵاوتن و وەرگرتنی پۆستی گشتی، بێبەش دەکرێت.
٤.٤. گشت ئەو سامان و مڵکەی کە لە ئەنجامی تاوانەکەوە بەدەست هاتووە، تەنانەت ئەگەر بە ناوی ئەندامانی خێزان یان لایەنی سێیەمەوە تۆمار کرابێت، بە بڕیاری کۆتایی دادگا، دەستی بەسەردا دەگیرێت.
پێنجەم: گێڕانەوە و بەکارهێنانی سامانە دەستبەسەرداگیراوەکان
٥.١. داهاتی ئەو سامانانەی لە ئەنجامی ڕاییکردنی ئەم بەندەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت، لە چوارچێوەی "سندوقی دادی نیشتمانی"ـدا کۆدەکرێتەوە.
٥.٢. داهاتی ئەم سندوقە، کە بە شێوەیەکی ڕووەن و لەژێر چاودێریی مەکۆی نیشتمانییدا بەڕێوە دەبرێت، تەنیا بۆ پڕۆژە ستراتیژییەکانی ڕاژەکردنی گشتی و بەهێزکردنی ژێرخانی خۆشبژێویی تەرخان دەکرێت.
شەشەم: پاراستنی قانوونیی ئاشکراکەرانی زانیاری
٦.١. قانوون پارێزبەندیی تەواوی قانوونیی، پیشەیی و کەسی بۆ ئەو شارۆمەند و فەرمانبەرانە دابین دەکات کە بە نیازپاکی زانیاریی ورد و دروست لەسەر کردەوەکانی جەردەسالاری دەگەیەننە دەزگا پەیوەندیدارەکان.
٦.٢. هەر جۆرە تۆڵەسەندنەوەیەک لێیان، بە تاوانێکی سەربەخۆ هەژمار دەکرێت و سزای توندی قانوونیی لەسەر دەبێت.
