مافەکانی منداڵ و پاراستنی ژینەکییان
منداڵان داهاتووی وڵاتن و سەرمایەی ژینەکیی کۆماری کوردستان پێکدێنن. دەوڵەت و کۆمەڵگا ئەرکیانە ژینگەیەکی تەندروست و لەبار بۆ گەشەکردن و پێگەیشتنیان دابین بکەن و لە هەموو جۆرە زیان و پێشێلکارییەک بیانپارێزن. لە هەموو بڕیار و ڕێکارێکی قانوونیی و کارگێڕیدا، بەرژ…
منداڵان داهاتووی وڵاتن و سەرمایەی ژینەکیی کۆماری کوردستان پێکدێنن. دەوڵەت و کۆمەڵگا ئەرکیانە ژینگەیەکی تەندروست و لەبار بۆ گەشەکردن و پێگەیشتنیان دابین بکەن و لە هەموو جۆرە زیان و پێشێلکارییەک بیانپارێزن. لە هەموو بڕیار و ڕێکارێکی قانوونیی و کارگێڕیدا، بەرژەوەندیی باڵای منداڵ بە پێوەری سەرەکی دادەنرێت.
یەکەم: سوبێکتێتی و شکۆی زگماکی
١.١. کۆماری کوردستان منداڵ وەک سوبێکتێکی قانوونیی سەربەخۆ و خاوەن شکۆیەکی زگماکی دەناسێنێت، کە مافەکانی لە سەرووی گشت بەرژەوەندییە وارگێڕییەکانەوەیە.
١.٢. دەوڵەت گەرەنتی دەکات کە لە هیچ بارودۆخێکدا، تەنانەت لە کاتی جەنگ و دۆخە نائاساییەکانیشدا، نابێت ئاسایشی دەروونی، جەستەیی و پەروەردەیی منداڵ بکرێتە قوربانی یان پشتگوێ بخرێت.
١.٣. پاراستنی منداڵ بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی "دەوڵەت-کۆمەڵگە-خێزان"ـە و لە کاتی کورتھێنانی هەر یەکێکیان، دەوڵەت وەک پارێزەری کۆتایی و بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی منداڵ ڕاستەوخۆ دەستوەردان دەکات.
دووەم: مافە بنەڕەتییەکان و ئەرکەکانی دەوڵەت
هەر منداڵێک، بەبێ هیچ جیاکارییەک، خاوەنی ئەم مافانەیە کە دەوڵەت گەرەنتییان دەکات:
٢.١. مافی ژیان، مانەوە و گەشەکردن: دەوڵەت گەرەنتیی ژیان و گەشەکردنی تەندروستی جەستەیی، دەروونی، سۆزداری، کۆمەڵایەتی و هزریی منداڵ دەکات، لە ڕێگەی دابینکردنی خۆراک، جلوبەرگ، سەرپەنا، چاودێریی تەندروستی و پەروەردەی پێویستەوە.
٢.٢. مافی ناسنامە، ناونیشان و شارۆمەندی: هەر منداڵێک لە کاتی لەدایکبوونیەوە مافی تۆمارکردن، ناونان، و بەدەستهێنانی شارۆمەندیی هەیە بەپێی ئەو بنەمایانەی لە بەندی (٤٦)ی ئەم دەستوورەدا هاتووە.
٢.٣. مافی پەروەردەیەکی چلۆنایەتی بەرز: خوێندنی بنەڕەتی ناچاری و بێبەرامبەرە. پەرگاڵی پەروەردە دەبێت ئامانجی گەشەپێدانی تەواوی کەسایەتیی منداڵ و ئامادەکردنی بێت بۆ ژیانێکی بەرپرسیارانە لە کۆمەڵگایەکی ئازاددا.
٢.٤. مافی یاری، پشوودان و بەشداریی کولتووری: منداڵ مافی یاری، پشوودان و بەشداریی ئازادانەی لە چالاکیی کولتووری و هونەریدا هەیە کە لەگەڵ تەمەن و پێگەیشتنیدا بگونجێت.
٢.٥. مافی دەربڕینی بیروڕا: منداڵ، بە لەبەرچاوگرتنی تەمەن و پێگەیشتنی، مافی دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە لەو پرسانەی کاریگەرییان لەسەر ژیانی هەیە، و دەبێت بیروڕاکەی بە هەند وەربگیرێت، بەتایبەت لە پڕۆسە دادوەری و کارگێڕییەکاندا.
سێیەم: پاراستنی گشتگیر لە توندوتیژی و چەوساندنەوە
٣.١. دەوڵەت منداڵ لە هەموو جۆرە توندوتیژی، سووکایەتیپێکردن، پشتگوێخستن و چەوساندنەوەیەکی جەستەیی، دەروونی و سێکسی، چ لەناو خێزان یان لە دەرەوەیدا، دەپارێزێت.
٣.٢. بەکارهێنانی منداڵ لە کاری زۆرەملێ، ململانێی چەکداری، بازرگانیی ناقانوونیی و شتە هۆشبەرەکاندا بە تاوان هەژمار دەکرێت و بە توندی نەهێڵراوە. قانوون توندترین سزا بۆ پێشێلکاران دادەنێت.
چوارەم: پاراستنی تایبەت و دادپەروەری
٤.١. مافی خێزان و پاراستنی منداڵانی بێسەرپەرشت: منداڵ مافی هەیە لەناو خێزاندا گەورە بێت. دەوڵەت پشتیوانیی خێزان دەکات و بۆ منداڵانی بێحاوێنەر، چاودێریی گونجاو (وەک خێزانی جێگرەوە) دابین دەکات.
٤.٢. دادپەروەریی تایبەت بە منداڵان: پەرگاڵێکی دادپەروەریی تایبەت بەو منداڵانە دادەمەزرێت کە تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ١٨ ساڵیدایە. ئەم پەرگاڵە دەبێت مافەکانی منداڵ بپارێزێت و ئامانجی نەک تەنیا سزا سەرەکیی چاکسازی و گەڕاندنەوەی بۆناو کۆمەڵگا بێت.
پێنجەم: چوارچێوەی قانوونیی و دامەزراوەیی
٥.١. قانوونێکی تایبەت ، وردەکاریی مافەکان، میکانیزمەکانی پاراستنی منداڵ، و ئەرکەکانی دەوڵەت و خێزان لەم بوارەدا ڕێکدەخات.
٥.٢. بەپێی قانوون، دەکرێت دەزگایەکی نیشتمانیی سەربەخۆ بۆ چاودێریکردن و پاراستنی مافەکانی منداڵان دابمەزرێت.
