دەوڵەتی ڕزگاریی و پەڕگاڵی دەوڵەتی ژیر لە قۆناغی ڕزگاریدا
١.١. تا ئەو ساتەوەختەی کە کۆماری کوردستان سەروەریی ڕەبەقی خۆی بەسەر گشت وارگەی نەتەوەییدا دەچەسپێنێت، "دەوڵەتی ڕزگاریی کوردستان" (لێرەوە بە "دەوڵەتی ڕزگاریی" ناودەبرێت) وەک ئامرازی فەرمیی ڕاییکردنی ویستی پۆڵایینی نەتەوەیی دادەمەزرێت.
یەکەم: بنچینەی دەستووری و فەلسەفەی دامەزراندن
١.١. تا ئەو ساتەوەختەی کە کۆماری کوردستان سەروەریی ڕەبەقی خۆی بەسەر گشت وارگەی نەتەوەییدا دەچەسپێنێت، "دەوڵەتی ڕزگاریی کوردستان" (لێرەوە بە "دەوڵەتی ڕزگاریی" ناودەبرێت) وەک ئامرازی فەرمیی ڕاییکردنی ویستی پۆڵایینی نەتەوەیی دادەمەزرێت.
١.٢. ئەرکی بنەڕەتیی دەوڵەتی ڕزگاریی بریتییە لە:
ئا. بەڕێوەبردنی خەباتی ڕزگاریی نەتەوەیی.
ب. نەتەوەسازی و دامەزراوەسازیی مۆدێرن.
پ. ئامادەکردنی بناغە بۆ دامەزراندنی کۆماری سەربەخۆ.
١.٣. پەڕگاڵی دەوڵەتی ژیر وەک لەم دەروازەیەدا پێناسە کراوە، دەبێتە جوڵێنەری کارپێکەری تەکنەلۆژی و کارگێڕیی دەوڵەتی ڕزگاریی.
دووەم: پێکهاتە و نوێنەرایەتی
٢.١. دەوڵەتی ڕزگاریی لەلایەن "کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان"ـــــەوە بەڕێوە دەبرێت، کە لە نوێنەرانی دانپێدانراوی هێزە وارگێڕییە سەرەکییەکان و کەسایەتییە نیشتمانییەکانی کوردستان و دیاسپۆرا پێک دێت.
٢.٢. میکانیزمی پێکهێنانی ئەم کۆڕە و شێوازی بڕیاردانی بەپێی ئەم دەستوورە و مانیفێستی نیشتمانیی کاتی ڕێک دەخرێت.
سێیەم: ڕۆڵی دەوڵەتی ژیر لە نەتەوەسازیدا
٣.١. پەڕگاڵی دەوڵەتی ژیر ئەرکی دامەزراندنی ئەم ژێرخانە نەتەوەییانەی لە ئەستۆ دەبێت:
ئا. تۆماری نەتەوەیی دیجیتاڵی: دەرکردنی شوناسی دیجیتاڵی (KN-ID) بۆ هەر تاکێکی کورد و بەکارهێنانی بۆ ڕێکخستنی هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەتی ڕزگاریی.
ب. ئەکادیمیای نیشتمانیی دیجیتاڵی: دامەزراندنی پلاتفۆرمێکی فێربوون بۆ پەرەپێدانی توانای کادرە وارگێڕی و کارگێڕییەکانی داهاتوو لە بوارەکانی دەوڵەتداری و قانووندا.
پ. ئەرشیڤی نەتەوەیی دیجیتاڵی: پاراستنی یادەوەریی مێژوویی و بەڵگەنامەکانی تاوانەکانی دژ بە نەتەوەی کورد.
ت. گەنجینەی کەلەپووری نیشتمانیی دیجیتاڵی: دامەزراندنی پلاتفۆرمێک بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی دیجیتاڵیی بەرهەمە ئەدەبی، هونەری و فۆلکلۆرییەکانی نەتەوەی کورد.
ج. بانکی زانیاریی نەتەوەیی: کۆکردنەوە و ئەرشیڤکردنی گشت توێژینەوە و بەرهەمە زانستییەکانی پەیوەست بە دۆزی کوردستان و مێژووەکەیەوە.
چوارەم: ڕۆڵی دەوڵەتی ژیر لە دامەزراوەسازیدا
٤.١. پەڕگاڵی دەوڵەتی ژیر دەبێتە ژێرخانی کارگێڕیی دەوڵەتی ڕزگاریی، لە ڕێگەی:
ئا. دابینکردنی پەرگاڵێکی پەیوەندیی پارێزراو و نهێنیکراو بۆ دامەزراوەکانی خەباتی ڕزگاریی.
ب. بەڕێوەبردنی "گەنجینەی نیشتمانیی دیجیتاڵی" بۆ کۆکردنەوە و بەڕێوەبردنی ڕووەنانەی داهات و یارمەتییەکان.
پ. دامەزراندنی پلاتفۆرمی دیپلۆماسیی دیجیتاڵی بۆ نوێنەرایەتیکردنی دۆزی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان.
ت. پەڕگاڵی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان: دامەزراندنی پەرگاڵێک بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی توانای مرۆیی و کادرەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریی.
پێنجەم: ئامادەکاری بۆ ڕاگوێز
٥.١. دەوڵەتی ڕزگاریی، بە بەکارهێنانی تواناکانی دەوڵەتی ژیر، ئەرکی ئامادەکردنی نەخشەڕێگای یەکسەرەی دامەزراندنی دامەزراوەکانی کۆماری سەربەخۆی لە ئەستۆ دەبێت.
٥.٢. ئەمەش داڕشتنی پڕۆژەقانوون سەرەتاییەکان، نەخشەی کارگێڕی بۆ گشت کاروبار و دەستە دەستوورییەکانی داهاتوو و دیاریکردنی میکانیزمەکانی ڕاگوێزی دەسەڵات لەخۆ دەگرێت.
شەشەم: باری قانوونیی و ڕاگوێزی دەسەڵات
٦.١. دەوڵەتی ڕزگاریی، یەکەیەکی قانوونیی تایبەت (sui generis)ـە کە بوونی بەندە بە دۆخی داگیرکارییەوە.
٦.٢. بە ڕاگەیاندنی فەرمیی کۆماری کوردستان و ئەنجامدانی یەکەم هەڵبژاردنی گشتی، دەوڵەتی ڕزگاریی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەڵدەوەشێتەوە.
٦.٣. گشت داتا، ئەرشیڤ، سامان و بڕیارنامە ستراتیژییەکانی دەوڵەتی ڕزگاریی، بەپێی میکانیزمێکی قانوونیی دیاریکراو، دەگوازرێنەوە بۆ دامەزراوە دەستوورییە هاوتاکانی کۆماری کوردستان.
٦.٤. لیژنەی باڵای ڕاگوێزی دەسەڵات: بەپێی پەیمانی نەتەوەیی، لیژنەیەکی باڵا پێک دەهێنرێت کە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی قانوونیی و کارگێڕیی پرۆسەی گواستنەوەکە لە ئەستۆ دەگرێت.
٦.٥. درێژەدارییەتی قانوونیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: گشت ئەو پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییانەی کە دەوڵەتی کاتی/ڕزگاریی بەستوویەتی، دەکەونە ژێر پێداچوونەوەی دەسەڵاتی قانووندانانی نوێوە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسیان.
٦.٦. پاراستنی مافە بەدەستهاتووەکان: گشت ئەو مافانەی کە شارۆمەندان یان یەکەکان لەژێر سایەی دەوڵەتی ڕزگارییدا بەدەستیان هێناوە، بە پارێزراوی دەمێننەوە مەگەر بە قانوونێکی نوێ و بەپێی بنەماکانی دەستوور پێچەوانەکەی بسەلمێنرێت.
