ڕاژە گشتییەکان لە ڕێگەی دەوڵەتی ژیرەوە
یەکەم: فەرمانی دەستووری بۆ پێشکەشکردنی ڕاژە
یەکەم: فەرمانی دەستووری بۆ پێشکەشکردنی ڕاژە
١.١. دەوڵەت بەپێی دەستوور پابەندە بە بەرزکردنەوەی بێپسانەوەی ئاستی کارایی و خێرایی ڕاژە گشتییەکان، بە ئامانجی کەمکردنەوەی تێچووی بیرۆکراسی و مسۆگەرکردنی دەستگەیشتنی گشتگیر و دادپەروەرانە بۆ هەموو شارۆمەندان.
١.٢. گشت ئەو ڕاژە دیجیتاڵییانەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە لە ڕێگەی دەوڵەتی ژیرەوە دابین دەکرێن، خاوەنی هەمان هێز و ڕەوایەتیی قانوونیی ڕاژە فیزیکییەکانن و هیچ دامەزراوەیەک بۆی نییە بە بیانووی دیجیتاڵبوونی پرۆسەکان، لە بەرپرسیارێتیی قانوونیی خۆی بدزێتەوە.
١.٣. دەوڵەت ئەرکدارە بە مسۆگەرکردنی سەربەخۆیی تەکنەلۆژی لە پێشکەشکردنی ڕاژەکاندا، بەجۆرێک کە گواستنەوە بۆ دەسەڵاتداریی دیجیتاڵی نەبێتە هۆی لاوازکردنی کۆنترۆڵی نیشتمانی بەسەر داتا و خزمەتگوزارییە ژینەکییەکانی نەتەوەدا.
١.٤. هەموو یەکە کارگێڕییەکانی وڵات پابەندن بە تێکەڵکردنی پەرگاڵەکانیان لە چوارچێوەی پەڕگاڵی یەکگرتووی دەوڵەتی ژیردا، بۆ دڵنیابوون لەوەی شارۆمەند لە یەک دەروازەی نیشتمانییەوە و بە کەمترین هەوڵ، دەستی بە گشت خزمەتگوزارییە دەوڵەتییەکان بگات.
دووەم: فەرمانە بنەڕەتییەکانی پەڕگاڵی دەوڵەتی ژیر
پەڕگاڵی دەوڵەتی ژیر بۆ ڕاییکردنی ئەرکەکەی، ئەم فەرمانانەی پێدەسپێرێت:
٢.١. خۆگەڕکردنی پڕۆسە کارگێڕییەکان: خۆگەڕکردنی پڕۆسە کارگێڕییە دووبارە و ستانداردەکان وەک دەرکردنی مۆڵەت، نوێکردنەوەی بەڵگەنامە فەرمییەکان و تۆمارکردنی زانیارییەکان.
٢.٢. باشترکردنی تەرخانکردنی سەرچاوەکان: شیکردنەوەی داتا بۆ باشترکردنی تەرخانکردنی سەرچاوە گشتییەکان و کەمکردنەوەی بەفێڕۆدان.
٢.٣. دابینکردنی ڕاژەی پێشبینیکراو: بەکارهێنانی شیکاریی داتا بۆ دابینکردنی ڕاژەی پێشبینیکراو و پێشوەختە بۆ شارۆمەندان.
٢.٤. دروستکردنی دەروازەی یەکگرتووی ڕاژە: دامەزراندنی دەروازەیەکی یەکگرتووی دیجیتاڵی کە تێیدا شارۆمەندان بتوانن دەستیان بە گشت ڕاژە دەوڵەتییەکان بگات.
٢.٥. ئاسانکاریی چالاکیی ئابووری: سادەکردنەوە و خێراکردنی پڕۆسەکانی تۆمارکردنی کۆمپانیا، وەرگرتنی مۆڵەتی بازرگانی و پێدانی باج.
٢.٦. بەڕێوەبردنی قەیرانەکان: بەکارهێنانی داتا بۆ بەڕێوەبردنی کارای قەیرانە سروشتی و تەندروستییەکان و ئاڕاستەکردنی یارمەتییەکان.
٢.٧. گەیاندنی تایبەتکراوی ڕاژەکان: بەکارهێنانی داتا بۆ گونجاندنی ڕاژەکانی بواری پەروەردە و تەندروستی لەگەڵ پێداویستییە تایبەتەکانی هەر تاکێکدا.
٢.٨. بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی: زیادکردنی ڕوونایەتی و تۆمارکردنی گشت هەڵسوکەوتێکی دارایی بۆ کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی گەندەڵی.
٢.٩. باشترکردنی نەخشەدانانی شارستانی: بەکارهێنانی داتا بۆ نەخشەدانانێکی ژیرانەی شارەکان، بەڕێوەبردنی هاتووچۆ و پاراستنی ژینگە.
سێیەم: بنەماکانی ڕاییکردن و دەستگەیشتنی گشتگیر
ڕاییکردنی دیجیتاڵکردنی ڕاژەکان دەبێت پابەندی ئەم بنەما نەگۆڕانە بێت:
٣.١. مسۆگەرکردنی دەستگەیشتن بۆ هەموو شارۆمەندان، بە ڕەچاوکردنی دابینکردنی میکانیزمی یارمەتیدەر بۆ ئەو کەسانەی توانای دیجیتاڵییان سنووردارە.
٣.٢. دامەزراندنی "ناوەندەکانی ڕێنمایی دیجیتاڵی" لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ یارمەتیدانی شارۆمەندان.
٣.٣. دیزاینکردنی ڕووکارە دیجیتاڵییەکان بە شێوازێک کە بۆ کەسانی کەمتوانا ئاسان و شیاوی بەکارهێنان بن.
٣.٤. نابێت هیچ ئەلگۆریتمێک ببێتە هۆی دروستکردنی جیاکاریی ناقانوونیی لە دابینکردنی ڕاژەکاندا.
٣.٥. دەبێت لۆژیکی کارکردنی ئەلگۆریتمە سەرەکییەکان شیاوی تێگەیشتن و ڕوونکردنەوە بێت.
٣.٦. مسۆگەرکردنی کارکردنی بێپسانەوە و درێژەدارییەتی ڕاژە دیجیتاڵییەکان.
٣.٧. دیزاینکردنی ڕاژەکان دەبێت لەسەر بنەمای پێداویستی و ئاسانکاری بێت بۆ شارۆمەند، نەک بۆ دامەزراوەی کارگێڕی.
٣.٨. پرەنسیپی "هیچ شارۆمەندێک لە دواوە بەجێناهێڵدرێت" دەبێت لە هەموو قۆناغەکانی دیجیتاڵکردندا ڕەچاو بکرێت.
چوارەم: دەسەڵاتداریی داتا و پاراستنی نهێنی
٤.١. لە پڕۆسەی دابینکردنی ڕاژەکاندا، دەبێت تەنیا "کەمترین داتای پێویست" بەکاربهێنرێت کە بۆ ڕاییکردنی ڕاژەکە ژینەکییە.
٤.٢. پرەنسیپی "سنووردارکردنی مەبەست" پەیڕەو دەکرێت؛ ئەو داتایەی بۆ مەبەستێک کۆکراوەتەوە، نابێت بۆ مەبەستێکی دیکە بەکاربهێنرێت، مەگەر بە ڕەزامەندیی ئاشکرای شارۆمەند یان بە فەرمانی دادوەری بێت.
٤.٣. گشت داتایەکی شارۆمەندان لەناو ژێرخانی نیشتمانیی سەروەر و لەناو سنوورەکانی کوردستاندا هەڵدەگیرێت.
٤.٤. بەکارهێنانی بەرزترین ستانداردی نهێنیکردن بۆ پاراستنی داتا لە هەموو قۆناغەکاندا ناچارییە.
٤.٥. شارۆمەند مافی هەیە داخوازی ڕاستکردنەوەی هەر زانیارییەکی چەوتی خۆی بکات کە لە پەرگاڵەکاندا تۆمار کراوە.
٤.٦. ڕاییکردنی ئەم بڕگانە دەکەوێتە ژێر چاودێریی "دەستەی نیشتمانیی پاراستنی زانیاری"ـیەوە.
٤.٧. گشت کارمەندێکی دەوڵەتی پابەندە بە پاراستنی نهێنیی ئەو زانیارییانەی کە دەستی پێیان دەگات.
٤.٨. دەوڵەت نابێت داتای شارۆمەندان بە هیچ لایەنێکی بازرگانیی تایبتە بفرۆشێت یان هاوبەشیی پێ بکات.
پێنجەم: مافەکانی شارۆمەند لە بەرامبەر ڕاژەی خۆگەڕدا
شارۆمەندان لە بەرامبەر ڕاژە دیجیتاڵییە خۆگەڕەکاندا خاوەنی ئەم مافانەن:
٥.١. مافی بەدەستهێنانی ڕاژە لە ڕێگەی کەناڵی دیجیتاڵییەوە بە شێوەیەکی ئاسان و پارێزراو.
٥.٢. مافی وەرگرتنی ڕوونکردنەوەیەکی ڕوون و ساکار لەسەر هەر بڕیارێکی خۆگەڕ کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ماف و بەرژەوەندییەکانیان هەبێت.
٥.٣. مافی داخوازکردنی پێداچوونەوەی مرۆیی بۆ هەر بڕیارێکی خۆگەڕ، کە دەبێت لەلایەن فەرمانبەرێکی شایستەوە ئەنجام بدرێت.
٥.٤. مافی ئاگاداربوونەوە لە کاتی ڕوودانی هەر دزەکردنێکی ئەلیکترۆنی کە زانیارییە کەسییەکانیانی خستبێتە مەترسییەوە.
٥.٥. مافی کۆنترۆڵکردنی ڕەزامەندییەکانیان لەسەر بەکارهێنانی داتایان لە ڕێگەی پلاتفۆرمێکی یەکگرتووەوە.
٥.٦. مافی وەرگرتنی ڕاهێنانی بنەڕەتی لەسەر بەکارهێنانی ڕاژە دیجیتاڵییەکان، کە لەلایەن دەوڵەتەوە دابین دەکرێت.
٥.٧. مافی تۆمارکردنی سکاڵا لە ڕێگەی میکانیزمێکی سادە و کاراوە لە دژی هەر کەموکوڕییەک لە ڕاژە دیجیتاڵییەکاندا.
٥.٨. مافی هەڵبژاردنی کەناڵی ڕاژەی لاسایی لەو بوارانەدا کە قانوون بۆ پاراستنی توێژە تایبەتەکان دیاری دەکات.
شەشەم: چاودێری، لێپرسینەوە و باشترکردنی بێوچان
٦.١. "کۆڕی باڵای دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرد" ئەرکی وردبینیی دەوریی ئەلگۆریتمەکان و پەرگاڵەکانی دابینکردنی ڕاژەی لە ئەستۆدایە.
٦.٢. "نووسینگەی ژمێریاریی گشتی" چاودێریی کارایی و تێچووی پڕۆژەکانی دیجیتاڵکردنی ڕاژەکان دەکات.
٦.٣. "نووسینگەی پارێزەری گشتی" دەسەڵاتی لێکۆڵینەوەی هەیە لە هەر سکاڵایەکی " بەد بەڕێوەبردنی دیجیتاڵی".
٦.٤. مەکۆی نیشتمانی لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ چاودێریکردنی کارەکانی دەوڵەتی ژیر دادەمەزرێنێت.
٦.٥. دامەزراوەکانی دەوڵەت پابەندن بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی ڕوونایی ساڵانە لەسەر ئاستی کارایی ڕاژە دیجیتاڵییەکانیان.
٦.٦. پەرگاڵەکە دەبێت بێپسانەوە لەسەر بنەمای پێشنیاری شارۆمەندان و داتای کارپێکردن، خۆی نوێ بکاتەوە و باشتر ببێت.
حەوتەم: بەرپرسیارێتیی قانوونیی دەوڵەت
٧.١. دەوڵەت بەرپرسیارێتیی قانوونیی تەواوی هەر زیانێک هەڵدەگرێت کە لە ئەنجامی چەوتی سیستماتیک یان بەد کارکردنی ڕاژە دیجیتاڵییەکانەوە بەر شارۆمەندان یان لایەنی سێیەم بکەوێت.
٧.٢. قانوون پڕۆسەیەکی سادە و خێرا بۆ داخوازکردنی بۆبژاردن لەلایەن زیانلێکەوتووانەوە دادەڕێژێت.
٧.٣. بەرپرسیارێتیی قانوونیی، ئەو کۆمپانیا تایبەتانەش دەگرێتەوە کە پەرگاڵەکان بۆ دەوڵەت دروست دەکەن.
٧.٤. بڕیارەکانی دادگا لە دژی دەوڵەت لەم بوارەدا دەبێت بە خێرایی ڕایی بکرێن.
٧.٥. "سندوقی نیشتمانی بۆ بژاردنی زیانی دیجیتاڵی" دادەمەزرێت بۆ دڵنیابوون لە بۆبژاردنی خێرای زیانلێکەوتووان.
٧.٦. لە کاتی سکاڵادا، لە هەندێک بارودۆخدا کە قانوون دیاری دەکات، باری سەلماندن دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت بۆ سەلماندنی ئەوەی کە پەرگاڵەکەی بێکێشە بووە.
٧.٧. هەر کارمەندێک بە کەمتەرخەمی ببێتە هۆی زیانگەیاندن لە ڕێگەی پەرگاڵە دیجیتاڵییەکانەوە، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی کارگێڕی و قانوونیی دەبێتەوە.
