دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 101

مێدیای گشتیی نیشتمانی

لەبەر ئەوەی کۆمارێکی پێشکەوتوو پێویستی بە پانتاییەکی گشتیی ئاگامەند و ئاوەزێکی نەتەوەیی تۆکمە هەیە، دەزگای مێدیای گشتیی نیشتمانی وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و ژینەکی دادەمەزرێت. ئەم دەزگایە پانتایی بیستراو و بینراوی کۆمارە و ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە پاراستنی…

بەندی 101 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

لەبەر ئەوەی کۆمارێکی پێشکەوتوو پێویستی بە پانتاییەکی گشتیی ئاگامەند و ئاوەزێکی نەتەوەیی تۆکمە هەیە، دەزگای مێدیای گشتیی نیشتمانی وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و ژینەکی دادەمەزرێت. ئەم دەزگایە پانتایی بیستراو و بینراوی کۆمارە و ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، بەرزڕاگرتنی ئاستی گوتاری نیشتمانی و ڕۆشنگەریکردنی کۆمەڵگا، دوور لە کاریگەریی بەرژەوەندیی پارتایەتیی کورتخایەن و فشاری بازرگانی.

یەکەم: پێگە و سەربەخۆیی دامەزراوەیی

١.١. بەپێی ئەم دەستوورە، "دەزگای مێدیای گشتیی نیشتمانی" وەک دامەزراوەیەکی دەستووریی سەربەخۆ دادەمەزرێت، کە خاوەنی کەسایەتیی قانوونیی و سەربەخۆیی تەواوی کارگێڕی، دارایی و بەرنامەسازییە.

١.٢. ئامانجی بنەڕەتیی ئەم دەزگایە، دابینکردنی مێدیایەکە کە ڕاژەی گشت شارۆمەندان بکات نەک هیچ دەسەڵات، پارتایەت یان گرووپێکی بازرگانیی دیاریکراو.

دووەم: ئەرکە ستراتیژییەکان

٢.١. مێدیای گشتیی نیشتمانی وەک ویژدانی پیشەیی کۆمەڵگا، ئەم ئەرکە ستراتیژییانەی لە ئەستۆدایە:

ئا. ڕۆشنگەریی نەتەوەیی و پەروەردەی شارۆمەندی: بەرهەمهێنان و پەخشکردنی

بەرنامەی قووڵ و بەپێز کە هانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، پەرەپێدانی زانست، ناساندنی بەهاکانی ئەم دەستوورە و ماف و ئەرکەکانی شارۆمەندی بدات.

ب. چەسپاندنی گوتاری دەوڵەتداری و دیالۆگی نیشتمانی: دەبێت ببێتە سەکۆی سەرەکی بۆ دیالۆگی نیشتمانیی بنیاتنەر لەنێوان بیروڕا جیاوازەکاندا و کار بۆ بەهێزکردنی ئاوەزی دەوڵەتداری و یەکێتیی نەتەوەیی بکات.

پ. پاراستن و بەرزڕاگرتنی کولتووری باڵا: پشتیوانیکردن و بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمە هونەری و ئەدەبییە ناوازانەی کە ڕەنگە لە بازاڕی بازرگانیدا دەرفەتیان کەم بێت، بەڵام بۆ دەوڵەمەندکردنی شوناسی کولتووریی نەتەوە پێویستن.

ت. پردی پەیوەندی لەگەڵ جیهاندا: ناساندنی شارستانییەت و دیدگای کوردستان بە زمانە جیهانییەکان و لە هەمان کاتدا گواستنەوەی باشترین بەرهەمە هزری و کولتوورییەکانی جیهان بۆ نێوخۆی وڵات.

سێیەم: پەیماننامەی بنەڕەتی و پێوەری پیشەیی

٣.١. دەزگای مێدیای گشتیی نیشتمانی لەسەر بنەمای "پەیماننامەی بنەڕەتی" کار دەکات، کە بە قانوون دادەڕێژرێت و دەبێت بە ئاشکرا بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێتەوە.

٣.٢. ئەم پەیماننامەیە پابەندبوونی دەزگاکە بەم بنەمایانە مسۆگەر دەکات:

ئا. بێلایەنیی وارگێڕی، وردبینی و ڕاستگۆیی لە گواستنەوەی زانیاریدا.

ب. ڕێزگرتن لە فرەیی بیروڕا و دابینکردنی سەکۆی یەکسان بۆ گوتارە جیاوازەکان.

پ. بەرزڕاگرتنی ئاستی زمان و کولتووری نەتەوەیی.

ت. ڕاژەکردنی گشت پێکهاتە و توێژەکانی کۆمەڵگا بەبێ جیاکاری.

چوارەم: میکانیزمی بەڕێوەبردن و گەرەنتیی سەربەخۆیی

٤.١. دەزگاکە لەلایەن "کۆڕی متمانەپێکراوی نیشتمانی"ـیەوە بەڕێوە دەبرێت، کە باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردەر و چاودێرییە.

٤.٢. پێکهاتە و هەڵبژاردنی کۆڕی متمانەپێکراوی نیشتمانی بە قانوونێکی تایبەت ڕێکدەخرێت کە دەبێت ئەم بنەمایانە مسۆگەر بکات:

ئا. ئەندامەکانی لە کەسایەتییە دیار و بێلایەنەکانی بواری کولتوور، ئەکادیمیا، قانوون و کۆمەڵگەی ژیاری پێکدێن.

ب. میکانیزمی پاڵاوتن و هەڵبژاردنیان دەبێت فرەلایەنە بێت و سەربەخۆییان لە دەسەڵاتی ڕایەدار و پارتە وارگێڕییەکان مسۆگەر بکات.

پ. ماوەی ئەندامێتییان دیاریکراو و سنووردار دەبێت بۆ یەک خولی نوێکردنەوە، بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاری.

٤.٣. کۆڕی متمانەپێکراوی نیشتمانی ئەم دەسەڵاتانەی هەیە:

ئا. دانان و لادانی بەڕێوەبەری گشتیی دەزگاکە لەسەر بنەمای شایستەیی پیشەیی.

ب. پەسەندکردنی ستراتیژی گشتی، پلانی ساڵانە و بودجەی دەزگاکە.

پ. چاودێریکردنی پابەندبوونی دەزگاکە بە "پەیماننامەی بنەڕەتی"ـیەوە.

پێنجەم: بودجە و ڕێنەدراوکردنی کاریگەریی بازرگانی

٥.١. بودجەی دەزگای مێدیای گشتیی نیشتمانی لە بودجەی گشتیی دەوڵەت دابین دەکرێت، کە لەلایەن مەکۆی نیشتمانییەوە پەسەند دەکرێت.

٥.٢. وەرگرتنی هەر جۆرە ڕیکلامێکی بازرگانی، سپۆنسەرشیپ، یان پاڵپشتیی دارایی لە پارتە وارگێڕییەکان یان هەر لایەنێکی تایبەت، بە شێوەیەکی ڕەها ڕێنەدراوە، بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی کە دەزگاکە تەنیا لە ڕاژەی بەرژەوەندیی گشتیدا بێت.

شەشەم: لێپرسینەوە و ڕوونایەتی

٦.١. دەزگای مێدیای گشتیی نیشتمانی لەبەرامبەر مەکۆی نیشتمانیدا وەڵامدەرەوەیە.

٦.٢. دەزگاکە پابەندە بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی ساڵانەی وردی کار و خەرجییەکانی بە مەکۆی نیشتمانی و بڵاوکردنەوەی پوختەیەکی گشتی بۆ ڕای گشتی.

٦.٣. کاروباری دارایی دەزگاکە دەکەوێتە ژێر چاودێریی وردی "دامەزراوەی باڵای چاودێریی دارایی"ـیەوە.

حەوتەم: گواستنەوەی دیجیتاڵی و ئەرشیڤی نەتەوەیی

٧.١. دەزگای مێدیای گشتیی نیشتمانی ئەرکدارە بە بوون بە پێشەنگ لە گواستنەوەی دیجیتاڵیدا و دابینکردنی ناوەڕۆکی چلۆنایەتی بەرز لەسەر گشت پلاتفۆرمە مۆدێرنەکان.

٧.٢. تەواوی بەرهەم و ئەرشیڤی دەزگاکە بە مڵکی گشتی دادەنرێت و دەبێتە بەشێکی ژینەکی لە " ئەرشیڤی نەتەوەیی دیجیتاڵی" کوردستان، کە دەبێت بە شێوەیەکی ئاسان بۆ توێژەران و ڕای گشتی بەردەست بێت.

هەشتەم: چوارچێوەی قانوونیی

٨.١. قانوونێکی تایبەت، وردەکاریی هەموو بڕگەکانی ئەم بەندە، لەوانە پێکهاتە و دەسەڵاتەکانی "کۆڕی متمانەپێکراوی نیشتمانی"، میکانیزمی بودجە و لێپرسینەوە، و "پەیماننامەی بنەڕەتی"ـی دەزگاکە، ڕێکدەخات.