ئاسایشی کۆمەڵایەتی و خۆشبژێویی گشتی
دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ گشت شارۆمەندان، ئەرکێکی بنەڕەتیی دەوڵەتە. دەوڵەت پابەندە بە پەیڕەوکردنی وارگێڕییەک کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشبژێویی گشتی و بەختەوەری بێت. لە کۆماری کوردستان پێویستە خۆشبژێوی و بەختەوەری نەک هەر…
دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ گشت شارۆمەندان، ئەرکێکی بنەڕەتیی دەوڵەتە. دەوڵەت پابەندە بە پەیڕەوکردنی وارگێڕییەک کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشبژێویی گشتی و بەختەوەری بێت. لە کۆماری کوردستان پێویستە خۆشبژێوی و بەختەوەری نەک هەر بە مەبەستی ئاسوودەیی، بەڵکو گەشەتەوەر بێت تاکو کۆمەڵگای کوردستان لە پەتای تەوەزەلی بپارێزرێت. دەوڵەتی کوردستان ئەرکی شانییەتی کە گەڵاڵەکانی وارگێڕیی خۆشبژێوی و بەختەوەریی لەسەر بناغەی بەرپرسیارەتیی دوولایەنە لەنێوان شارۆمەند و دەوڵەتدا بێت.
یەکەم: پەرگاڵی نیشتمانیی ئاسایشی کۆمەڵایەتی
١.١. دەوڵەت پەرگاڵێکی گشتگیر و تۆکمەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دادەمەزرێنێت. ئامانجی ئەم پەرگاڵە جیا لە دابینکردنی پشتیوانی، بەڵکو تواناسازیی تاکەکانە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ژیانێکی چالاک و بەرهەمدار، بە شێوەیەک کە ڕێگری لە پشتبەستنی هەردەمیی و تەوەزەلی بکرێت.
١.٢. ئەم پەرگاڵە بژێویی شایستە بۆ ئەو شارۆمەندانە مسۆگەر دەکات کە بەهۆی نەخۆشی، بەساڵاچوون، بێکاریی کاتی، یان کەمتواناییەوە ناتوانن بژێویی خۆیان دابین بکەن، لەگەڵ دابینکردنی پرۆگرامی تایبەت بە ڕاهێنان و گونجاندنەوەیان.
١.٣. پشتیوانیی تایبەت بۆ توێژە لاوازەکانی کۆمەڵگا (وەک خێزانە هەژارەکان، هەتیوان، و کەسانی بێسەرپەنا) دابین دەکرێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ شارۆمەندێک پەراوێز ناخرێت.
دووەم: بنەمای بەرپرسیارێتیی هاوبەش
٢.١. دەوڵەت بەرپرسیارە لە دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەی تاک، لە ڕێگەی دابینکردنی پەروەردە، تەندروستی، و دەرفەتی کاری دادپەروەرانەوە.
٢.٢. لە بەرامبەردا، هەر شارۆمەندێکی خاوەن توانای کارکردن، بەرپرسیارە لە هەوڵدانی بێپسانەوە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی خۆی، بەشداریکردنی چالاکانە لە ئابووریی نیشتمانیدا، و خۆبەدوورگرتن لە پشتبەستنی ناپێویست بە پەرگاڵی پشتیوانیی گشتی.
سێیەم: ستراتیژی نیشتمانی بۆ خۆشبژێویی گشتی
٣.١. دەوڵەت پابەندە بە داڕشتن و ڕاییکردنی "ستراتیژی نیشتمانی بۆ خۆشبژێویی گشتی"، کە ئامانجی بەرزکردنەوەی چلۆنایەتی ژیانە لەسەر بنەمای پێوەرە زانستییەکان.
٣.٢. بەپێی قانوون، دەکرێت دامەزراوەیەکی تایبەتمەند بۆ چاودێریکردن و پێوانەکردنی ئاستی خۆشبژێویی گشتی و پێشکەشکردنی ڕاسپاردە بۆ باشترکردنی دابمەزرێت.
چوارەم: داڕشتنی گەڵاڵەی وارگێڕیی لەسەر بنەمای زانستی
داڕشتنی هەموو گەڵاڵەیەکی وارگێڕیی پەیوەست بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و خۆشبژێویی، دەبێت پشت بە داتای ورد، توێژینەوەی زانستی، و ئەزموونە جیهانییە سەرکەوتووەکان ببەستێت.
پێنجەم: چوارچێوەی قانوونیی
قانوونێکی تایبەت، وردەکاریی پەرگاڵی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ماف و ئەرکی شارۆمەندان و دەوڵەت لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی هاوبەشدا، و میکانیزمەکانی ڕاییکردنی ستراتیژی نیشتمانی بۆ خۆشبژێویی، ڕێکدەخات.
