دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 30

پڕۆسەی دادگاییکردن و بنەماکانی دادپەروەری

پڕۆسەی دادگاییکردن لە کۆماری کوردستاندا وەک ژینەکترین بەشی دابینکردنی دادپەروەریی و سەروەریی قانوون، دەبێت لەسەر بنەماکانی دادپەروەری، ڕوونایەتی، و پاراستنی گشت مافە بنەڕەتییەکان و شکۆی مرۆیی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بنیات بنرێت.

بەندی 30 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

پڕۆسەی دادگاییکردن لە کۆماری کوردستاندا وەک ژینەکترین بەشی دابینکردنی دادپەروەریی و سەروەریی قانوون، دەبێت لەسەر بنەماکانی دادپەروەری، ڕوونایەتی، و پاراستنی گشت مافە بنەڕەتییەکان و شکۆی مرۆیی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بنیات بنرێت.

یەکەم: دادگاییکردنی کراوە

١.١. دانیشتنەکانی دادگا بە گشتی بۆ کۆمەڵی کوردستان و مێدیا کراوە دەبن، بۆ دڵنیابوون لە ڕوونایەتی و لێپرسینەوەی دادوەریی.

١.٢. تەنیا لە بارە زۆر تایبەتەکاندا (وەک پاراستنی ڕەوشتی گشتی، ئاسایشی نەتەوەیی یان پاراستنی بەرژەوەندیی منداڵان یان قوربانییانی تاوانە سێکسییەکان) دەکرێت دادگا بە بڕیاری خۆی و بەپێی قانوون، دانیشتنەکان بە نهێنی ئەنجام بدات.

دووەم: مافی بەرگریی و پارێزەر

٢.١. هەموو کەسێک لە هەر قۆناغێکی لێکۆڵینەوە یان دادگاییکردندا مافی هەیە پارێزەری هەبێت و بە تەواوی لە خۆی بەرگری بکات.

٢.٢. بۆ دڵنیابوون لە یەکسانی لەبەردەم قانووندا دەوڵەت بەپێی قانوون پابەندە بە دابینکردنی پارێزەری خۆڕایی بۆ ئەو شارۆمەندانەی کە توانای دابینکردنی پارێزەریان لە کەیسە سزاییەکاندا نییە.

سێیەم: بنەمای بێتاوانبوون

٣.١. هەموو کەسێک هەتا لەلایەن دادگایەکی پسپۆڕ و بەپێی قانوون و دوای پڕۆسەیەکی دادپەروەرانە بە بڕیاری کۆتایی بە تاوانبار ناسێنرێت، بە بێتاوان دادەنرێت.

٣.٢. باری سەلماندنی تاوان هەمیشە لەسەر شانی داخوازکاریی گشتییە و گومان لە بەرژەوەندیی تۆمەتباردا لێکدەدرێتەوە.

چوارەم: مافی سکاڵا و پێداچوونەوە

هەموو کەسێک مافی هەیە لە دادگا سکاڵا تۆمار بکات و مافی پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی دادگا سەرەتاییەکان لە دادگا ناوەندییەکان و دواتریش دادگای باڵای هەیە بەپێی ئەو ڕێکارانەی کە قانوون دیاری کردووە.

پێنجەم: خێرایی لە بڕیاردان و مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە

٥.١. دەسەڵاتی دادوەریی و دادگاکان پابەندن بەوەی کە کەیسەکان بە خێرایی پێویست و بەبێ دواکەوتنی ناڕەوا یەکلایی بکەنەوە، بەبێ ئەوەی ئەم خێراییە کاریگەریی نەرێنی لەسەر وردی و دادپەروەریی بڕیارەکە دابنێت.

٥.٢. هەموو کەسێک مافی هەیە لە ماوەیەکی گونجاودا و لەلایەن دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن و دادپەروەرانە دادگایی بکرێت.

شەشەم: زمانی دادگا

٦.١. زمانی کوردی زمانی هەردەمیی و فەرمی دادگاکانە و سەرجەم پڕۆسەکانی دادگاییکردن و دادبینی، دانیشتنەکان و بڕیارەکان بەم زمانە بەڕێوە دەچێت.

٦.٢. بۆ هەر کەسێک کە بانگی دادگا دەکرێت و زمانی کوردی بە باشی نازانێت، دەبێ وەرگێڕی شیاو، پیشەیی و باوەڕپێکراو بۆ زمانی زگماکی ئەو کەسە دابین بکرێت و مافی بەکارهێنانی زمانی خۆی لە دادگادا هەیە.

حەوتەم: ڕێنەدراوکردنی ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە

٧.١. ئەشکەنجەدان و هەر جۆرە هەڵسوکەوتێکی نامرۆڤانە، سووکایەتیپێکەر یان سزادەر، بە تەواوی ڕێنەدراوە.

٧.٢. هیچ دانپێدانانێک کە لەژێر ئەشکەنجە یان فشاری دەرونیدا وەرگیرابێت، لە دادگادا هیچ بەهایەکی قانوونیی نییە.