بێلایەنیی دەوڵەت بەرامبەر ئایین و باوەڕەکان
یەکەم: پێگەی دەستووریی دەوڵەت
یەکەم: پێگەی دەستووریی دەوڵەت
١.١. کۆماری کوردستان دەوڵەتێکی بێلایەنە بەرامبەر بە ئایین و باوەڕەکان؛ دەوڵەت خاوەنی هیچ ئایینێکی فەرمی نییە و لە دوورییەکی یەکسانەوە لە گشت باوەڕ و جهانبینییە جیاوازەکان دەوەستێت.
١.٢. دەوڵەت وەک یەکەیەکی قانوونیی، دان بە ئایین و باوەڕەکاندا دەنێت وەک ڕەهەندێکی شەخسی و کۆمەڵایەتیی شارۆمەندان و ئەرکدارە بە پاراستنی مافی پەرستن و ئەنجامدانی ڕێوڕەسمەکان، بەو مەرجەی لەگەڵ بنەما نەگۆڕەکانی ئەم دەستوورەدا ناکۆک نەبن.
دووەم: جیاکردنەوەی دامەزراوەیی
٢.١. جیاکردنەوەی ڕەها لەنێوان دامەزراوە ئایینییەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەیە. هیچ دامەزراوەیەکی ئایینی مافی نییە دەست بخاتە ناو بڕیاری وارگێڕی، کارگێڕی، یان دادوەریی وڵاتەوە، یان ئەرکێکی فەرمیی دەوڵەت لە ئەستۆ بگرێت.
٢.٢. سەرچاوەی تاقانە بۆ داڕشتنی قانوون و بڕیارەکان لە کۆماری کوردستاندا، تەنیا "ئاوەز"، "زانست" و "بەرژەوەندیی و ئاسایشی نەتەوەیی"ـە وەک لەم دەستوورەدا ڕێکخراوە. هیچ دەقێکی ئایینی یان مەزهەبی نابێتە سەرچاوەی قانووندانان یان لێکدانەوەی قانوونیی.
سێیەم: پانتایی گشتی و پەروەردەی بێلایەن
٣.١. دەوڵەت ئەرکدارە بە پاراستنی بێلایەنیی پانتاییە گشتییەکان و دامەزراوە فەرمییەکان؛ لێرەدا ئەم ڕێکارانە پەیڕەو دەکرێن:
ئا. پەروەردەی دەوڵەتی لە سەرانسەری وڵاتدا سێکۆلارە و لەسەر بنەمای زانست و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دادەمەزرێت.
ب. ڕێنەدراوە بودجەی گشتیی دەوڵەت بۆ پەرەپێدان یان بڵاوکردنەوەی ئایینێکی دیاریکراو بەکاربهێنرێت، مەگەر بۆ پاراستنی ئەو شوێنەوارە مێژوویی و کولتوورییانە بێت کە بەشێکن لە پاشماگی نیشتمانیی کوردستان.
پ. بەکارهێنانی هێما ئایینییەکان لە تەلاری فەرمیی دەوڵەت و لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکی فەرمیدا ڕێنەدراوە، بۆ دڵنیابوون لەوەی شارۆمەندان بەبێ هەستکردن بە جیاکاری، دەستیان بە ڕاژە گشتییەکان بگات.
چوارەم: ڕێنەدراوکردنی بەکارهێنانی وارگێڕیی ئایین
٤.١. بەکارهێنانی ئایین، مەزهەب، یان هەر جۆرە باوەڕێکی گیانی بۆ مەبەستی ململانێی وارگێڕی، دروستکردنی پارت یان گرووپی فشار، و هاندانی دووبەرەکیی کۆمەڵایەتی، بە تاوان دژی سەقامگیریی نیشتمانی هەژمار دەکرێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی قانوونیی توند دەبێتەوە.
