دەستووری کۆماری کوردستانپۆرتاڵی دەستووری
بۆ نووسەرانداشبۆرد
بەندی 133

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان

یەکەم: پێگە و فەرمانی دەستووری

بەندی 133 لە 139دوایین نوێکردنەوە: 2026-07-24 22:30:05

یەکەم: پێگە و فەرمانی دەستووری

١.١. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، وەک مەکۆی تاقانە و باڵای ڕاییکردنی ویستمەندیی نەتەوە، بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی گشت هەڵبژاردنە نیشتمانی، خۆماڵی و ڕاپرسییە گشتییەکان لە کۆماری کوردستاندا.

١.٢. ئەم دامەزراوەیە خاوەنی سەربەخۆیی ڕەهای دارایی، کارگێڕی و قانوونییە؛ هیچ دەسەڵاتێکی دەوڵەت بۆی نییە دەست بخاتە ناو کاروباری تەکنیکی و بڕیارەکانی کۆمیسیۆنەوە، بە مەبەستی پاراستنی بێگەردیی دەنگی شارۆمەندان.

دووەم: پێکهاتە و پاراستنی سەربەخۆیی

٢.١. کۆمیسیۆن لەلایەن "کۆڕی کۆمیسیاران"ـەوە بەڕێوە دەبرێت کە لە حەوت (٧) ئەندامی پسپۆڕ لە بوارەکانی قانوونی دەستووری، تەکنەلۆژیای زانیاری و کارگێڕی پێکدێن.

٢.٢. ئەندامان لەسەر پێشنیازی مەکۆی ژیران و بە ڕەزامەندیی زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی مەکۆی نیشتمانی بۆ خولێکی شەش ساڵەی نانوێکراوە دادەنرێن، تاوەکوو دوور بن لە گوشاری دەسەڵاتی ڕایەدار.

٢.٣. بێلایەنیی ئەندامان مەرجی بەردەوامیی ڕاژەکردنە؛ هەر ئەندامێک لایەنگریی پارت یان وارگێڕیی لێ بسەلمێنرێت، بە بڕیاری دادگای باڵا لە پۆستەکەی لادەبرێت.

٢.٤. پارێزبەندیی قانوونیی بۆ کۆمیسیاران مسۆگەر دەکرێت تاوەکوو بتوانن بەبێ ترس لە تۆڵەسەندنەوەی وارگێڕیی، ئەرکەکانیان ڕاپەڕێنن.

سێیەم: دەسەڵاتە ڕایەدارییەکان

٣.١. کۆمیسیۆن ئەرکدارە بە ئەنجامدانی ئەم فەرمانە پسپۆڕییانە:

ئا. داڕشتنی تۆماری نیشتمانیی دەنگدەران لەسەر بنەمای شوناسی دیجیتاڵی (KN-ID).

ب. دیاریکردنی ستانداردە توندەکانی پاڵاوتن بۆ کاندیدەکان بەپێی بنەماکانی دەستوور.

پ. چاودێریکردنی وردی سەرچاوە داراییەکانی پارتە وارگێڕییەکان لە کاتی بانگەشەدا.

ت. دانانی ڕێسا بۆ مێدیاکان لە کاتی هەڵبژاردن بۆ مسۆگەرکردنی یەکسانیی دەرفەتەکان.

ج. ڕێکخستنی دەنگدانی دیاسپۆرا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ "ناوەندی نیشتمانیی دیاسپۆرا".

چ. لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لە هەر تانە و سکاڵایەکی هەڵبژاردن.

ح. ڕاییکردنی پرۆسەی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە شێوازێکی خێرا و ڕووەن.

چوارەم: ڕوونایی تەکنەلۆژی و پەیوەندی بە دەوڵەتی ژیرەوە

٤.١. کۆمیسیۆن پابەندە بە بەکارهێنانی تواناکانی "دەوڵەتی ژیر" بۆ دروستکردنی پەڕگاڵێکی دەنگدانی دیجیتاڵیی پارێزراو کە ئەگەری دەستکاری تێدا سفر بێت.

٤.٢. گشت داتا و ئەنجامەکان دەبێت بە شێوەیەکی زیندوو و ساتوەختی بۆ چاودێرانی نێودەوڵەتی و ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن.

٤.٣. ژێرخانی دیجیتاڵیی هەڵبژاردن وەک بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی هەژمار دەکرێت و لەلایەن "دەستەی نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی"ـیەوە دەپارێزرێت.

پێنجەم: پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامەکان

٥.١. ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان مافی تاقانەی کۆمیسیۆنە و هیچ لایەنێکی تر بۆی نییە پێشوەختە ئەنجام بڵاو بکاتەوە.

٥.٢. ئەنجامەکان تەنیا دوای پشتڕاستکردنەوەی کۆتایی لەلایەن دادگای باڵاوە دەبنە بڕیاری پابەندکەر و جێبەجێ دەکرێن.