بەڵگەنامەی پۆرتاڵ
← گەڕانەوە بۆ دەقە پێشەکییەکانپێشەکی
ئێمە، نەتەوەی کورد، نەوەی ڕەسەنی ئەو مرۆڤانەی کە لە سەرەتای مێژوودا لە سەرانسەری پێدەشتەکان و بەرزەدەشتەکانی زاگرۆس، ئەڵبورز، تۆرۆس و قەوقاز، لەنێوان دەریاکانی مەکران، هۆرموز، کاسپێن، دەریای ڕەش و ناوەڕاست نیشتەجێ بوون، بە گەواهی شوێنەوارە دێرینەکانی وەک قەڵاکورد، وارواسی، وەزمە، شانیدەر، هەزارمەرد، زارزی، بێستوون، گرێ مەرازان و نێڤالی و دەیان ناوەندی ژیاری تر، قووڵایی ڕەگ و ڕیشەی نەتەوەکەمان لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە دەسەلمێنین. لەم خاکەدا، کە لانکەی یەکەمین کۆمەڵگەکانی مرۆیی و پێشەنگی گەشەپێدانی ژیاری بوو، ئێمە بە نیشتەجێبوون و دۆزینەوەی کشتوکاڵ لە شوێنەوارەکانی وەک خرابڕەشک، گرێناڤۆکێ، حەسەنکەیف، چیای نەمرود، شمشارە، نەمرک، شانیدەر، بێستانسوور، چەرمۆ و هاوشێوەکانی، بنەماکانی شارستانییەتی سەرانسەری ئەم ناوچە فراوانەمان داڕشت. وڵاتی ئێمە بە گەواهی گرێمەرازان بێشکەی سەرهەڵدانی یەکەمین ئایینەکانی جیهان بووە، لە بەردنووسەکانی سومەر و دەقە کەونارەکان و کتێبی پیرۆزی موسڵمانان وەک خاکی پیرۆز ئاماژەی پێ دەکرێت، کەشتی نوح لێی دەگیرسێتەوە، هەروەها ئیبراهیم لێی لە دایک دەبێت، بانگەشەی پێغەمبەری دەکات وێجا میترا پیرۆزترین پەیامەکانی خۆی پێ دەگەیەنێتە کورد و مرۆڤانی تر، کە هەتا ئەم ساتەش ژێرخانی کولتوری وڵاتی ئێمەیە و ئایینە پیرۆزە کوردییەکانی ئەزدایی، یارسان و هەڵاوی لێی هاتوونە بوون و کوردستانی دێرین و هەنووکەییەکانی کرد بە کۆمەڵگەیەکی ڕەوشتیی، کە مرۆڤی کورد بەزەییان بۆ یەکتر هەبێ و پارێزگاری لە بوونایەتی بەکۆمەڵی خۆیان و لە مانەوەی یەکتر بکەن. ئەم خاکە، وارگەی نەتەوەیی و مێژوویی نەگۆڕی نەتەوەی کوردە، کە دەکاتە هەمان خاکی میدیای دێرین. بە درێژایی هەزاران ساڵ، ئەم خاکە بووەتە سەکۆی سەنگاندن و پەرەسەندنی شارستانییەتە شکۆمەندەکانی وەک سومەر، ئیلامی، کاسی، سوبارتۆ، گوتی، هوری، میتانی، میدی، پارت، ئادیابین، ساسانی و دەیان یەکە و کولتوری دێرینی تر، کە لەسەر ئەم زەوییە یەکەم جار بناغەی ئاوەزی دەوڵەتیان بنیاد نا و قانوونی لێ هاتە بوون و لە هاوسەنگی کۆمەڵایەتی ژیاون و بەشدارییەکی بنەڕەتی و هەردەمییان لە پێشخستنی ژیانی مرۆڤایەتیدا کردووە. کورد پاشماگگری ڕاستەقینەی هەموو ئەو شارستانییەت و دەوڵەتە مێژووییانەیە، کە لەسەر خاکی کوردستانی مێژوویی دامەزراون. باوانی کورد نەک تەنیا داهێنەری زانست و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەردەمی خۆیان بوون، بەڵکو بنەماکانی کشتوکاڵی پێشکەوتوو، دێرینترین گوند و نیشتەجێبوونەکان، یەکەمین شێوازی دەستەمۆکردنی ئەسپ، کۆنترین پەیوەندییە دیپلۆماسییە تۆمارکراوەکان، یەکەمین نەبەردیی و ڕاپەڕینەکان بەڕووی داگیرکاری و زۆردارییدا لەم خاکەوە دەستیان پێکردووە. لێرە کۆنترین پەرگاڵە دیموکراتییەکانی وەک هەڵبژاردنی پاشا و فەرمانڕەوا لەلایەن گۆتییەکانەوە پێش لە یۆنانییەکان بوونی هەبوو، نموونەی دەسەڵاتداریی سەقامگیر و ئاوەدانیی وەک سەردەمی فەرمانڕەوایی کاشییەکان لە دۆڵی دووڕووبار تۆمار کراوە. پاشایەتیی ئادیابین وەک نموونەیەکی دیار لەنێو سنووری ئەم خاکە مێژووییەدا، هێمای دەخۆگرتنی دانیشتووانی نەکوردی وڵاتی کورد لەسەر بنەمای ڕێز و پاراستن و پابەندبوون بە بەها بنەڕەتییەکانی شکۆمەندی، مانەوە و بەرەنگاربوونەوەی زۆردارییە، کە پێکەوە خاوەندارییەتی لێ دەکەین و مێژووی نەتەوەییمان دەوڵەمەند دەکات. سەروەریی ڕەبەق و بێ مەرج بەسەر خاکی کوردستاندا، تەنیا و تەنیا دەرفێکی گەردوونی و مافی ڕەوا و قانوونیی نەتەوەی کوردە، کە سەرەتا لە قووڵایی مێژوو و ڕەسەنایەتی بوونمان و دواتر لە بەڵگەنامە قانوونییەکان و بنەما نێودەوڵەتییەکانی وەک چارتەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکسانی نەتەوەکان و خۆبڕیاردەری خۆیانەوە سەرچاوە دەگرێت. هیچ هێز و یەکەیەکی دیکە، چ ناوخۆیی و چ بیانی، مافی دەستدرێژی و سەپاندنی سەروەریی بەسەر کوردستاندا نییە. ئەو هێز و قەوارانەی کە لە قۆناغەکانی مێژوودا بە زۆر و بە زۆرداری خۆیان بەسەر کوردستاندا سەپاندووە، ناقانوونیی و داگیرکەر بوون و هیچ ڕەوایەتییەکیان نییە و هێز و دەسەڵاتیان بەسەر کوردستاندا لەدژی خواست و ویستی نەتەوەکەمان و ئەم قانوون بنەڕەتییەیە کە بناغەی هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە. لە درێژەی تێکۆشانی سەدان ساڵەی نەتەوەییماندا بۆ وەدیهێنانی ئاواتی لەمێژینەی سەربەخۆیی، شکۆمەندی و پاش قوربانیی و تێچووی زۆر لە ڕێگای ڕزگاری نەتەوەییدا، لە ساڵی ١٩٤٦ كۆماری كوردستان لە مهاباد دامەزرا وەك یەکەم دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیی لە سەردەمی مۆدێرندا بە سەرۆكایەتیی پێشەوا قازی محەممەد، کە نوێنەرایەتیی ویستمەندیی نەتەوەکەمانی دەکرد بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆمان لەسەر خاکی خۆمان. هەرچەندە ئەم کۆمارە تەمەنکورت بوو و بە پیلانی هاوبەشی هێزە داگیرکەر و دەرەکيیەکان ڕووخێنرا و پێشەوا و هاوڕێیانی گیانی خۆیان بەخشی، بەڵام ڕۆح و ڕێبازەکەیان بووە چرای ڕێگای خەباتگێڕان و نەوەکانی دوای خۆیان، بۆ درێژەدان بە تێکۆشان لەپێناو دەوڵەت و سەربەخۆیی. ئێمە، نەتەوەی کورد و کۆمەڵی کوردستان، لەم ساتە مێژووییە چارەنووسسازەدا کە ویستمەندیی ئازادانەمان و ئاواتە کۆنەکانمان بۆ سەربەخۆیی و ئازادیی ڕەها گەیشتووەتە قۆناغی پشکووتن وەك پاشماگگری ئەم مێژووە دێرینە و لەسەر ڕێبازی پیرۆزی پێشەوا قازی محەممەد و شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی نیشتمان، بە هەستكردن بە شكۆمەندیی و بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی، ئەم دەستوورە وەك قانوونی بنەڕەتی و پەیماننامەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوو، بۆ دامەزراندنەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بە فۆڕمی كۆمار ڕادەگەیەنین.
ئەم دەستوورە نەک داهێنانێکی نوێ، بەڵكو درێژەپێدەر و كۆكردنەوەی مافە مێژوویی و قانوونییەكانی نەتەوەكەمانە و ڕەنگدانەوەی ئاوات و ئامانجە بەرزەکانی نەتەوەیەکە کە سەدان ساڵە لەپێناو سەربەستیی، خۆییبوون، ئازادیی و شکۆمەندییدا دەکۆشێت و دەجەنگێت. هاوکرداریی قووڵ و ڕیشەداریی مێژووی ناو کورد هەزاران ساڵە وەک دەستوورێکی نەنووسراوە، بەڵام کارکردە و کارا، کوردی وەک تاک و کۆمەڵ لێ بەستۆتەوە و بە ژیریی کۆیی و ئاوەزی گشتی چەشنێک لە خودی کۆییان بنیادناوە کە ڕۆحی نەتەوەیی کوردی وەک دەستووری نەنووسراوە بۆ پێکەوەژیانی درێژەدار و نەپساوە کورد بگەیەنێت چەرخی هەنووکەیی و لە جیهانی مۆدێرندا وەک نەتەوەیەک کە ئێستایی سەر هەڵدات. دەستوور گەوهەری ئەو ژیریی کۆیی و ئاوەزیی گشتی و هاوکردارییە مێژووییەی کورد لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە و دەبێتە ئاوەزی دەوڵەتی بۆ بنیاتنانی دەوڵەت و وارگێڕیی کۆمەڵگای وڵاتەکەی خۆی.
ئەم دەستوورە پابەندبوونی كۆماری كوردستان بە بنەما سەلمێندراوەكانی دادپەروەریی، یەكسانیی، ڕێزگرتنی بێ مەرجی ڕێکەوتنامەی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەكانی چارتەری نەتەوە یەكگرتووەكان، سەروەریی قانوون و ژیانی ئاشتییانە لەگەڵ گشت نەتەوە دۆستەکان لە جیهاندا دەسەلمێنێت. كۆماری كوردستان دەوڵەتی نەتەوەیی کوردە و بۆ ژیانی بەختەوەری هەموو كوردستانیان وەک هاووڵاتی ئەم وڵاتە دەبێت، دەوڵەتێکی دیموکراتی ڕاستەقینە کە تێیدا دەنگی هەموو شارۆمەندێك بە بایەخ و گرنگییەوە وەربگیرێت و هیچ كەس لەسەر بنەمای جیاوازییەكان پەراوێز نەخرێت یان مافەکانی پێشێل نەکرێن. دەوڵەت پابەند دەبێت بە بنەماكانی دەسەڵاتداریی شكۆمەند و ڕوونایەتی و لێپرسراوێتی، کار بۆ دابینکردنی خۆشبژێویی و پێشکەوتنی هەموو شارۆمەندان لە چوارچێوەی ئاسایشی نەتەوەیی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەییدا دەکات. ئێمە باوەڕمان بە یەکێتییەکی نەتەوەیی پتەو و یەکگرتوو هەیە کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی جیاوازییەکان و فرەیی ڕەنگەکانی نێوخۆی کوردستان دامەزرا بێت، کە هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان لەخۆ بگرێت، کۆی گشتی هەموو کورد و هەروەها کەمینە کولتووری و ئایینییە ڕەسەنەکانی کوردستانیشەوە وەک بەشێکی دانەبڕاو و بنەڕەتی لە نیشتمان و ناسنامەی نەتەوەیی کوردستان. ئێمە، نەتەوەی کورد و کۆمەڵی کوردستان، بە ڕاگەیاندنی كۆماری كوردستان، دان بە گرنگیی پەیوەندییەكی تەندروست و سازگار لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا دەنێین. كۆمارەكەمان وەک دەوڵەتی سەربەخۆ خوازیارە ببێتە ئەندامێكی كارا و بەرپرسیار لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، بەشداریی لە چارەسەرکردنی کێشە جیهانییەکان بکا و پەرە بە ئاشتیی و ئاسایش و دادپەروەریی جیهانی بدات، لەگەڵ ڕێزگرتن لە قانوون نێودەوڵەتییەکان و پابەندبوون بە هەموو ئەو پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەی کە لەگەڵ بنەما و ئامانجەکانی نەتەوەکەمان دەگونجێن و ڕاژەی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان دەکەن. بە دڵنیاییەوە لەوە ئاگادارین کە ڕێگای بەردەممان پڕە لە هەوراز و نشێوی و ئاستەنگە و ئالەنگاری گەورە ڕووبەڕوومان دەبنەوە، بەڵام باوەڕمان بە خۆمان و بە توانای نەتەوەکەمان بۆ سەرکەوتن بەسەر هەموو بەربەستەکاندا و تێپەڕاندنی هەموو سەختییەکان هەیە. ئێمە ویستمەندییەکی پۆڵایینمان هەیە بۆ بنیاتنان و پاراستنی دەوڵەتێکی بەهێز، پێشکەوتوو و دیموکراتی، دەوڵەتێک کە شانازی بە ڕابردووی پڕشکۆی خۆیەوە بکات و هیوای بە ئایندەیەکی گەش و ڕوون هەبێت. بەم باوەڕ و ئومێدەوە، ئێمە، نەتەوەی كورد و گشت کۆمەڵی كوردستان، ئەم دەستوورە بۆ كۆماری كوردستان دادەمەزرێنین و بە یەکدەنگی پەیمان نوێ دەکەینەوە کە دەست لەناو دەست، پێکەوە کار بکەین بۆ ڕاییکردنی ئەم دەستوورە، بۆ بنیاتنانی كوردستانێکی سەربەخۆ، ئاوەدان، ئازاد، دادپەروەر و پێشکەوتوو، کە مایەی شانازیی هەموومان بێت و ببێتە چرایەک بۆ ئاشتیی و ئارامیی لە ناوچەکە و جیهاندا.
ڕۆحی نەتەوەیی، ژیریی کۆیی، خودی بەکۆمەڵ و پێویستیی دەستووریبوون
ئەم مانیفێستە فەلسەفییە، گەوهەری بوونناسانەی دەستوور و سەرچاوەی باڵای لێکدانەوەیە؛ گشت دەسەڵاتەکانی دەوڵەت و دامەزراوە دادوەرییەکان پابەندن کە بەندەکانی ئەم دەستوورە نەک تەنیا وەک دەقێکی وشک، بەڵکوو وەک ئامرازی بەرجەستەکردنی ئەم دیدگا فەلسەفییە و پاراستنی 'خودی بەکۆمەڵ'ـی کورد لێک بدەنەوە و ڕایی بکەن.
دەستوور — قانوونی بناغەیی دەوڵەتی کوردستان— گێڕانەوەیەکی دەستوورییە لە ژیانی قووڵی سروشتی و ژوورسروشتی نەتەوەی کورد، کە لە درێژەدارییەتییەکی ڕەسەنی مێژووییەوە هەڵدەقوڵێ و بەشێوەیەکی خۆساز و خۆسەرچاوە ڕەوایی خۆی لە خواست و ویست و تاسە دەروونی کورد بۆ هەبوونی دەوڵەت بەدەست دێنێ و دەیسەلمێنێت. خۆسازبوونی دەستوور بەو واتایەیە کە ئەم دەستوورە بەبێ پێویستی بە هیچ سەرچاوەیەکی قانوونیی دەرەکی یان ڕەزامەندی دەرەوەی نەتەوە، لەسەر بنەمای ژیریی کۆیی کورد وەک بەرهەمی هەزاران ساڵەی ژیانی کۆیی و یەکترناسین و گەشەی کولتووری و پارادایمە بە کۆمەلەکان کە کوردی بەشێوەیەکی بەرفراوان لە کرداریی بەکۆمەلدا پێک بەستۆتەوە خۆی خۆی دروست دەکا و دادەمەزرێنێت و بۆ ڕەوایی و قانوونمەندیی خۆی پەنا نابات بۆ هیچ بنەمایەکی لە دەرەوە ژیریی کۆیی کورد و ویستی دەروونیبووی ئەم نەتەوەی بۆ نواندنی سەروەریی ڕەهای خۆی وەک دەوڵەت. خۆسەرچاوەبوونیشی بەو واتایەیە کە سەرچاوەی بەدەوڵەتبوون و دەسەڵات و ڕەواییەکەی لە قووڵایی ناخی خودی کۆیی هەزاران ساڵەی کورد وەک ویستمەندیی ژیر و بەئاگا و هەربوویی ئەودایە. ئەم دوو تایبەتمەندییە —خۆسازبوون و خۆسەرچاوەبوون— وەک دوو ڕەهەندی یەک ڕاستی، دەستوور لە سەرووی هەموو قانوون و دەستوورێکی دەرەکی دادەنێن، چونکە هیچ قانوونێکی دەرەکی ناتوانێ بەم شێوەیە ڕەسەنانە لە ناخی خۆئاگایی نەتەوەییەوە هەڵقوڵێ و دەرکەوێت و بۆ کورد ببێتە سەرچاوەیی ڕەوایی. هەر لەبەر ئەمەیە کە دەستووری کۆماری کوردستان، تەنانەت پێش دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، دامەزراوە کارگێڕیی، قانوونیی و وارگێڕییەکانی داگیرکەران لە بەها و بایەخ دەخات و ڕەوایی و قانوونمەندییان لێ دەسێنێتەوە، چونکە ئەو دامەزراوانە خۆساز و خۆسەرچاوە نین، بەڵکو سەرچاوەی دەسەڵاتیان لە دەرەوەی کوردەوە هاتووە و بەسەریدا سەپێنراون. دەستوور، بە پێچەوانەی ئەوان، بە شێوەیەکی ئۆرگانیک لە ناخی کوردستان و نەتەوەی کوردەوە سەرچاوەی گرتووە و لە هەناوی ویستی تاسەریی نەتەوەییەوە دەرکەوتووە و بەم شێوەیە خاوەنی ڕەواییەکی ڕەسەن و بنچینەییە کە هیچ قانوون و دەستوورێکی سەپێنراوی دەرەکی ناتوانێ هەیبێت. بۆیە هەر ئەم تایبەتمەندییە خۆساز و خۆسەرچاوەیەی دەستوورە کە ئەم دەستوورە دەکاتە دەربڕی ڕاستەقینەی ویستی نەتەوەیی کورد و دواتر بە دامەزراندنی دەوڵەتی ڕەسەن و نەتەوەیی لەسەر بنەمای ویستی نەگۆڕ و بێکۆتایی نەتەوەی کورد، بە تەواوی سڕینەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو دامەزراوانە و قانوونمەندیی داگیرکەران دەستەبەر دەکات. ئەم دەستوورە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی کەسایەتی مێژوویی و یەکپارچەی نەتەوەکەمانە، هاواری قانوونیی خودی بەکۆمەڵی کورد — تاسەی مێژوویی، هۆشمەندیی فەلسەفی و ویستمەندیی بێوچانی بۆ سەربەخۆیی بێسنوور و دەوڵەتداریی ڕەبەقە. دەستوور پشت بە بوونایەتی بوونسەپێنی کوردستان و ویستی کۆیی نەتەوەی کورد و سرووشتی مێژوویی وڵاتەکەیەوە دەبەستێت، هەبوونی کەتوارە ناوەرۆکسازەکەی دەستوور لە خۆئاگایی نەتەوەییەوە و لە هەناوی ئەزموونی مێژوویی کوردەوە هەڵدەقوڵێ و بایەخ و بەهای خۆی لە ویستی بێپسانەوەی نەتەوەوە وەردەگرێ کە لە ڕۆحی هەربوویی کورد و وڵاتەکەیەوە دێت.
خۆسەرچاوەیی، ئەو چاوگە بوونناسییە بنچینەییەیە کە بە دەوڵەتبوون و دەستوور بەیەکەوە دەبەستێتەوە. دەستوور وەک تەنبا دەربڕینی قانوونمەندی سەرچاوە نەگرتووە، بەڵکو لە قووڵبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە هەناوی ڕەوتی مێژوویی نەتەوەدا سەری هەڵداوە، بەجۆرێک کە هەر دەمە و بۆ هەموو گۆڕانکارییەکی مێژوویی هاتوو لە داهاتوودا پلاتفۆرمێکی ڕەوایی قانوونیی بەرفراوان دابین دەکات. دەستوور وەک یروشێکی مێژوویی بۆ تێپەڕین لە قۆناخی ژێردەستی بۆ قۆناخی سەروەریی و سەربەخۆیی کار دەکات. هاوبەرپەرچیی نێوان دەوڵەت و ڕەوایی و دەستوور لە ڕوانگەی دەستوورەوە هەم یەکبین و هەم لێکجیاوازە. یەکبین لەو ڕووەوە کە هەرسێکیان لە کەتواری شوناسی کوردی و هەستی نەتەوەییەوە هەڵدەقوڵێن، لێکجیاوازیش لەو ڕووەوە کە هەریەکەیان لە ئاستی جیاوازی پێگەیشتنی کەتواری وارگێڕی و قانوونیی و ڕێکخستنی بوونایەتیدا خۆیان دەردەخەن. دەوڵەت سەرچاوەی دەستوور نییە، بەڵکو ئەوە دەستوورە کە لە سەروو-دەوڵەتدا وەستاوە و ڕەوایی بە بوونی دەوڵەت دەدات، بە شێوەیەک کە دەوڵەت پێویستە پابەندی دەستوور بێت نەک بە پێچەوانەوە.
دەستوور سەرچاوەی خۆی لە چەمکی نوێی "گەوهەری نەتەوەیی"ـدا دەدۆزێتەوە. ئەم چەمکە لە شیکردنەوە لاساییەکانی ژوراڵ دەستووری و فەلسەفەی وارگێڕی لەو سەروو-ترە و ئیدی تەنیا لە پەیوەندی پەیمانناسانەی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتیدا خۆی بەرتەسک ناکاتەوە، بەڵکو تێگەیشتنێکی گەوهەرییە لە هەبوونی نەتەوە وەک وەکیەکبوون و پێکەوەبوون و خەمی هاوبەش و هاوئاگاییەکی نەتەوەیی زیندوو، بەرپرسیارەتی نەتەوەیی، مێژوویی و کولتووریی. گەوهەری نەتەوەیی کورد وەک ئەو خاڵەی لە نێوان بوون و نەبووندا ناسنامەی مێژوویی و ڕەواییەکی خۆسەرچاوەی پێداوە، ئاراستەکەری ڕەوتی سەرهەڵدان، پاراستن و درێژەدانی بوونی نەتەوەییە لە سەر هێڵی شوێن-کات. دەستوور ڕەنگدانەوەی ئەم گەوهەرە و ڕەشماڵی مێژوویی پاراستنیەتی. بەم پێیە، پەیوەندی نێوان دەستوور و دەوڵەت لە نێوان شێوە و ناوەڕۆکدایە، لە نێوان ئامانج و ئامرازدایە، لە نێوان ویست و دەرکەوتەدایە، کە سەرەڕای جیاوازی دەروونی، یەکێتییەکی ناسێنەریان هەیە.
نەتەوەی کورد ڕوانگەیەکی هێرمۆنۆتیکی بۆ مێژووی خۆی هەیە کە لە ڕێگەی دەستوورەوە ڕەنگ دەداتەوە. هێرمۆنۆتیکی مێژوویی کورد ئاماژەیە بۆ ئەو چۆنیەتییەی کە نەتەوە مێژووی خۆی لێکدەداتەوە و واتای پێدەبەخشێت، کە لەو شێوەی کورد بۆ مێژووی خۆی بەکاری دەهێنێت بریتییە لە پەیمانێکی مێژوویی-نەتەوەیی پێش-دەوڵەتی. لەم پەیمانەدا نەتەوە لەگەڵ مێژووی خۆیدا، لەگەڵ خاکی خۆیدا و لەگەڵ شوناسی خۆیدا پەیمانێکی هەربوویی و ئۆنتۆلۆژی بەستووە کە پێویستی بە هیچ بەڵگەنامەیەکی دەرەکی نییە. دەستوور بریتییە لە بەڵگەنامەیی کردنی ئەم پەیمانە بنچینەییە و تەنیا بۆ ئاشکراکردنیەتی، نەک بۆ دروستکردنی.
پەیوەندی نێوان نەتەوە و دەستوور لەسەر بنەمای هاوئاگایی نەتەوەیی ڕادەگیرێت. هاوئاگایی نەتەوەیی بە واتای بەشداربوونی هەموو ئەندامانی نەتەوە لە یەک ئاگایی کۆیی و یەک ویستی دەروونی و یەک سۆزی نەتەوەیی و یەک شێوازی مێژوویی ڕوانینە بۆ ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو. ئەم هاوئاگاییە پێویستییەکی دڵنیایی و نێوەکییە، نەک شتێکی هەڵبژاردە و دەرەکی، چونکە هەر لە دایکبوونێکی مرۆڤێکی کورد، بە شێوەیەکی نێوەکی دەچێتە ناو ئەم هاوئاگاییەوە و بەشێک لێی پێکدەهێنێت و بە ڕەگوڕیشەی خۆی دەزانێت. لەبەر ئەمە ئەندامێتی ناسنامەیی بە دەوڵەتی کوردستان لەسەر بنەمای ئەم هاوئاگاییە نەتەوەییە دەبێت کە ئەوان دەکاتە بەشێک لە خاکێک کە وارگەی نەتەوەیی خۆیانە کە لەوێ پێکەوەژیانی نەتەوەیی و نیشتمان بە شێوەی کۆیی لە جیهان-ژینێکیدا ئەزمون دەکەن. هاوئاگایی نەتەوەیی وەک بناغەی دەستوور بێوچان لە گەشەکردن و نوێبوونەوەدایە و هەڵقوڵاوی ئەزموونە هاوبەشەکانی نەتەوەیە، کە لە دەستووردا دەبێتە ڕێنوێنی دەستووری بۆ ئاڕاستەکردنی ویستی کۆمەڵیی نەتەوە بەرەو سەروەریی و ئازادی و دادپەروەری.
نەتەوەکان لە ویستی ڕەها بۆ بوون، بۆ مانەوە، بۆ خۆڕێکخستن و بۆ بنیادنانەوەی سەروەریی بەسەر ژیانی کۆیی و ژێرخانی ژینگەیی ئەو ژیانە کۆییەوە، پەیدا دەبن. ئەم پرۆسەیە بناغەی دروستبوونی هەر نەتەوەیەکە و نەتەوەی کوردیش لەم چوارچێوەیەدا سەریهەڵداوە و چونکە خاوەنی شارستانییەتێکی دێرینە کە بە پانتایی فراوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوان دەبێتەوە کە بە بەڵگە و شوێنەوارە دێرینەکان دەسەلمێنرێت و نیشانەی قووڵایی ڕەگ و ڕیشەی ژیاریی و شارستانی کوردن لەسەر ئەم خاکی مێژوویی خۆی، کە دەیان هەزار ساڵ بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە.
کورد سەرەڕای سەدان ساڵ لە لەدەستدانی سەروەریی بەهۆی دەوڵەتە داگیرکەرەکان و ئەکتەرە جیهانییەکانەوە، بەڵام هەرواش توانیویەتی بە شێوەیەکێ بەرچاو بوونایەتی خۆی بپارێزێت و لە سەر هێڵی کات و شوێن وەک "سوبێکتێکی ژوراڵ" کە خاوەن درێژەداریەتییەکی مێژوویی وڵاتی و نەتەوەییە، توانیویەتی ناسنامە و هەبوونی خۆی بهێڵێتەوە. هاوتەریب لەگەڵ ئەمە لە سەردەمێکدا کە کورد لە هەبوونی ئیمپراتۆری بێبەش بوو، هێزە ئەمپریاڵە خۆرئاواییەکان پەرگاڵی دەوڵەتتەوەریان بنیاد نا و کورد بە ویستی ئاگامەندانەی ئەوان لە پشکی خۆی لەم پەرگاڵە بێبەشکرا و کرا بە نەتەوەی بێدەوڵەت و فڕێداریە تاریکخانەی ونی هێڵی شوێن-کات. دەستوور ئامرازی خۆسەپاندنەوەی کوردستانە لەسەر پەرگاڵی دەوڵەت وەک مۆدێرنترین چاخی مێژوویی مرۆڤ.
کورد وەک نەتەوەیەک کە بناغەکانی شارستانییەتی مرۆڤایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داڕشتووە، دایان و باوانی کورد ڕۆڵێکی بنەڕەتییان هەبووە لە پەیمانی شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا و لە سەرەتای کشتوکاڵەوە، کە یەکێکە لە بنەماکانی ژیاریی، تا بنیاتنانی یەکەمین شارەکان، داهێنانی خەت و نووسین، پەرەپێدانی ئایین و هونەر و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئیمپراتۆریەتە گەورەکان وەک میدیا، پارت و ساسانی و پاشماگگری شارستانییەتگەلێکە کە بنچینەی هەبوونی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی مۆدێرن پێکدەهێنێت، بەم دەستوورە چیدی پەسەند ناکات لە تاریکخانەی ئەم شارستانییەتەدا ون بکرێت و بدرێتە دەم کڵپی تیژی بەربەرییەت تاکو لەناوی ببات.
مانەوەی بوونایەتیی کردەیەکی خۆدان درێژەدارییەتی و ڕاوەستاوییە کە لەسەر چەندین بنەما خۆی هەڵدەچنێت: درێژەدارییەتی یادەوەریی و شوناسپارێزیی کۆیی، ژینگەسازیی و وارپارێزیی و ویستمەندیی وارگێڕی بۆ بەدەستهێنانەوە و پاراستنی سەروەریی بەسەر وارگەی نەتەوەیی خۆیدا. شارستانییەتی کوردستان لە ڕەوتی میژوودا و لە سەر هێڵی شوێن-کات لە پانتاییەکی فراواندا گەشەی کردووە،کە وەک وڵات بووە بە هەم زێد و هەم نیشتمان. بە درێژایی مێژووی بوونایەتی مرۆڤ، شارستانییەتی ئێمە پەرەی سەندووە و بەرهەمی ئەو ژینگە ژیارییەیە کە کوردستان لە مێژوودا لەنێو دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووە، ئەوە بووە کە لە سەرهەڵدان و گەشەی شارستانییەتی جیهان بە تایبەت خۆرئاوا ڕۆڵێکی بنەڕەتی گرنگی گێڕاوە. ئەو شارستانییەتە و کولتوری بەرزی کوردستان لەم دەستوورەدا هەم بە پێوەری دیرۆکی و هەم بە پێوەری سەردەم و هاوچەرخ زایەڵە دەداتەوە و ڕەوایی ئەم دەستوورە بنیاد دەنێت.
دەستوور لە پانتایی مێژوویی و قانوونیی نەتەوەی کورددا پەیمانێکی گەوهەرییە کە ئەڵقەی پەیوەندی نێوان کەتواری ئێستایی و داهاتووی نەتەوەیی پێکدەهێنێت، پەیمانێک کە هەم بەڵێنێکی ڕاستییانەیە بۆ سەلماندنی ڕەوایی بوونایەتی نەتەوەیی، هەم پەیمانێکی نێوان-نەتەوەییە بۆ یەکگرتنی هێزە گەوهەرییەکانی ناخی هەموو کورد و کوردستانیان. ئەم پەیمانە گەوهەرییە پشت بە ئەو تێڕوانینە ئۆنتۆلۆژییە دەبەستێت کە نەتەوە وەک بوونایەتییکی ژیندار، درێژەدار و ڕوو لە داهاتوو هەڵگری کۆمەڵێک گەرەکمەندیی بنەڕەتییە کە لە پێکهاتەی دەروونی و هەناوی کولتووری و زەمینەی مێژووییەوە هەڵدەقوڵێت، نەک لە ڕێککەوتنێکی کاتی یان خواستێکی ڕواڵەتی. ئەم گەرەکمەندییە بنەڕەتییە لە دەستووردا دەبنە بنەمای سەروەریی، دەبنە ڕەگی قانوونیی، دەبنە پشتی دەستووری و دەبنە ئاسۆی دەوڵەتمەندی. دەستوور لە ڕەوتی مێژوودا کەتواری سەربەخۆیی نەتەوەیی دەچەسپێنێت و سەروەریی هەبوویی نەتەوە لە شێوەی بەڵێندارەتییەکی گەوهەری-سرووشتی مێژووییدا دەردەبڕێت، بەڵێندارەتییەک بە هەبوون و مانەوە و گەشەکردنی کورد وەکو نەتەوەیەکی دایک، چونکە نەتەوە بەبێ دەوڵەت وەک گیانێکی بێ جەستەیە. لە ڕوانگەی دەستوورەوە، دەوڵەتی کوردستان بەر لەوەی بەرهەمی بەرەنگاری و خۆڕاگریی بێت، بەرهەمی سەرهەڵدانی ویستێکی هاوبەش و هاوگیانی بووویستانەیە کە لە هەناوی مێژووەوە بەرەو داهاتووی خۆیی وڵاتی کوردستان هەڵچووە، ویستێک کە گەڕێنەری هێزی ئۆرگانیکی نەتەوەییە، هێزێک کە ئامانجی سڕینەوەی ئاژاوەی بێدەوڵەتی و پارچەبوونە لە نێو نەتەوەکەماندا. لە ئاوێنەی دەستووردا، کە ژینەری ڕۆحی نەتەوەیی کوردستانە؛ کەتوارگەی نەتەوەیی دەبێتە شێوازی دەرکەوتەی خودی نەتەوەیی، سەردەمی مێژوویی دەگەیەنێتە تروسکایی دۆخی دەوڵەت و سەروەریی. هەر ئەمەیە کە واتای قووڵی خۆسەرچاوەیی و خۆسازی دەدات بە دەستوور: نە دەسەڵاتێک لە دەرەوەی دەستوورەوە توانای ڕەدکردنەوەی دەبێت، نە ڕکێفێک لە سەرووی نەتەوەوە دەتوانێت هەڵیوەشێنێتەوە. دەستوور هاوکات لە ناخی مێژوو، لە هەناوی کەتوار و لە ئاسۆی داهاتوودا ڕەوایی و بوونی خۆی دەسەلمێنێت. دەستوور کردەیەکی نەتەوەیی دەستووریی-ژوراڵیە کە پەیوەندی نێوان هاووڵاتیانی کوردستان هەرتەنیا لە چوارچێوەی پەیوەندی قانوونیی یان بەرژەوەندی ئابووری کورت ناکاتەوە، بەڵکو دەیانکاتە بەشداربووی هاوئاگایی نەتەوەیی واتە یەک خۆئاگایی نەتەوەیی لەسەر بنەمای بیرەوەری هاوبەش، کوردبوون وەک بوونایەتی هاوبەش، کوردستانیبوون وەک شارۆمەندیی هاوبەشی دەوڵەتێکی خۆیی، کولتور وەک شێوازی ژیانی هاوبەش، یەک ئاسۆی چاوەڕوانی هاوبەش، یەک چێژوەرگرتنی ئێستێتیکی هاوبەش و ئەرکی خۆپاراستن و یەکترپاراستنی هاوبەش. لەم ڕوانگەیەوە، ڕەوایی دەستوور لە توانای پاراستن و پتەوکردنی ئەم هاوبەشییە نەتەوەییەدایە، لە توانای پاراستنی ئەو پەیوەندییەدایە کە تاکی کورد و شارۆمەندی کوردستانی بە نەتەوەکەیەوە دەبەستێتەوە و لە توانای پاراستنی ئەو ئازادییەدایە کە هەموو کورد و کوردستانییەک لە بوون و شێوەی بوونی خۆیدا هەستی پێدەکات. دەستوور بەم پێیە ناوەندی پەیوەندی نێوان تاک و نەتەوە و دەوڵەت و مێژوو و داهاتووە، ناوەندێک کە هەم سەربەستی تاکەکەسی دەپارێزێت و هەم بوونایەتی نەتەوەیی گەشە پێدەدات، هەم ڕەواییەک بە دەوڵەت دەدات کە نوێنەری ڕاستەقینەی نەتەوە و پارێزوانی وڵات و هاوبەشایەتییەکان بێت و هەم ئاسۆیەک دەکاتەوە بۆ گەیشتن بە داهاتوویەک کە لەگەڵ تاسەی مێژوویی کورد بۆ دەوڵەتمەندی، بۆ دەسەڵاتداری، بۆ بوون-بۆ-خۆ و بۆ بوون-لەگەڵ-خۆ، یەک بگرێتەوە. ئاواتی مێژوویی نەتەوەی کورد بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ سەروەریی نەتەوەیی و بۆ بڕیار لەسەر چۆنییەتی بوونایەتیی خۆ وەک نەتەوە و نیشتمانەکەی وەک وڵات و هەروەها دیاریکردنی داهاتووی خۆی، لە دەستووردا دەگات بە بەرزترین پلەی دەربڕینی بوونایەتی و ئەمەش وەک ئاواتێکی خودەکی و بەهایەکی بناغەیی, هاوکات بەڵێندارەتییەکی گەوهەرییە بە هەموو ئەو قوربانییانەی کە کورد و کوردستان لە مێژووی خۆیدا داویەتی. دەستوور ئەم بەڵێندارەتییە وەک بنەمای ڕەوشتی-قانوونیی دادەنێت، بەڵێندارەتییەک کە سەرەڕای هەموو گۆڕانکارییەکانی مێژوو، هەمیشە چاوەڕێی سەرکەوتنی دەبێت.
