Portal document
← Back to preliminary textsدەستووری کوردستان؛ زایەڵەی ژیریی کۆیی کورد بۆ بنیاتنانی بوونایەتی هەرهەیی
هێز و دادپەروەری، بنەمای مانەوەیە.
ئەم دەستوورە، وەک ڕەنگدانەوە و زایەڵەی ژیریی کۆیی سەرچاوەی ڕەهای ویستی کوردە، پێویستی بە جیاکردنەوەی گەوهەریی لە گشت دەقێکی نووسراوی تر هەیە، لە بنەڕەتدا نابێت بە سادەیی وەک کۆمەڵێک بەندی قانوونی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت، چونکە ئەمە بەڵگەنامەییکردنی بوونی نەتەوەیەکی خاوەن ژیریی کۆییە کە ناسینی بنەڕەتی لە خودی کۆیی خۆی وەک ژێدەری نەتەوەبوون و کرداریی کۆیی خۆی هەیە، کە مێژووی دەیان هەزار ساڵەی لە هەناوی کوردستانی مێژووییدا لە قووڵایی وڵاتەکەماندا هەڵگرتووە. لە ڕوانگەی ژوراڵ دەستوورییەوە، گشت دەسەڵاتەکانی دەوڵەت و دامەزراوە دادوەرییەکان پابەند دەکرێن کە بەندەکانی ئەم دەستوورە نەک تەنیا وەک دەقێکی وشک، بەڵکوو وەک ئامرازی بەرجەستەکردنی ئەم ڕوانگە فەلسەفییە و پاراستنی 'خودی کۆیی و بەکۆمەڵ'ـی کورد لێک بدەنەوە و ڕایی بکەن؛ بەم پێیە، ئەم بەراییە ڕوونکەرەوەیە بە هیچ شێوەیەک قانوونێکی لاوەکی نییە، بەڵکو ڕووگەی تێگەیشتنی نەتەوەی کورد بۆ دەقە بنەڕەتی و فەرمییەکانییەتی.
ویستی ڕەها بۆ سەروەریی لە ژیریی کۆیی و هاوئاگایی مێژوویی نەتەوەی کوردەوە هەڵدەقوڵێت، بۆیە جوگرافیای میدیا چوارچێوەی کەتوارسازێنەری وڵات لەسەر زەوییە؛ ئەوێ زێدی نیشتەجێبوونی باوانی ئێمە و نەوە ڕەسەنەکانیانە. قووڵایی ڕەگ و ڕیشەی بوونمان لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە لە ڕێگەی گەواهی شوێنەوارە دێرینەکانی وەک قەڵاکورد، شانیدەر، وارواسی، وەزمە، و گرێ مەرازان دەسەلمێنرێت؛ ئەمەش قووڵبوونەوەیە لە ڕەسەنایەتی ئەو خاکە کە لانکەی یەکەمین کۆمەڵگەکانی مرۆیی بووە و بنەماکانی شارستانییەتی سەرانسەری ئەم ناوچەیەی داڕشتووە، درێژەی هەبووە تا گەیشتۆتە قۆناغی میدیا و پارت و ساسانی و درێژەی بە بوونایەتی خۆی داوە لە سەردەمی دوای داگیرکارییەکانی عەڕەب، سەرەڕای هەوڵە مێژووییەکان بۆ ونکردنی کورد لە تەوژمێکی لێڵی نەناسراوییدا. نەتەوەیەک خاوەنی ئەم هەموو قووڵاییە مێژووییە بێت، لە دەرەوەی هەموو مەرج و ڕەزامەندییەکی دەرەکی، خاوەنی یەکینەیەکی کۆییە کە ژێرخانی پەیدابوونی ژیریی کۆیی، خودی کۆیی و کەسایەتی نەتەوەیی کوردە و تێگەیشتنێکی قووڵی لە چلۆنایەتی بوونی نەتەوەیی خۆی هەیە؛ ئەم کۆییبوونە کە لەسەر بوونایەتی خۆی وەستاوە مافی ڕەها و قانوونیی خۆیەتی سەروەریی ڕەبەق و بێ مەرجی لە ڕێگای دەوڵەتی خۆی بەسەر خاکەکەیدا هەبێت. لەم ڕوانگەیەوە، پابەندبوونی گەوهەری-سرووشتی مێژوویی، کورد ناچار دەکات بە هەبوون و مانەوە و گەشەکردنی وەک نەتەوەیەکی دایک؛ چونکە نەتەوە، بەبێ ڕێکخراوێک کە سەروەرییەکەی جێگیر بکات، تەنیا مەیلێکی پاسیڤە بۆ بوون، نەک بکەرێکی چالاک. ئەگەر دەوڵەت وەک فۆڕمێکی ڕەهای ڕێکخراو نەبێت، نەتەوە وەک 'گیانێکی بێ جەستە' وایە، چونکە ناتوانێ هێزی خۆی بە شێوەیەکی قانوونیی ڕایی بکات؛ چونکە مۆنۆپۆلی هێزی دادپەروەر بۆ دەرچوون لە 'باری سروشتی و جێگیرکردنی ئاسایش دابین دەکات. لەم دۆخەدا، کاری ئەم دەستوورە ئەوەیە کە ببێتە گیانی ناو جەستەی نەتەوەی کورد و هێزی ویستمەندیی کۆیی بگۆڕێت بۆ 'کۆماری کوردستان' وەک کەتوارێکی ڕەها و خاوەن سەروەریی؛ ئەمە نەک تەنیا مافێکی مۆڕاڵی، بەڵکو پێویستییەکی بوونناسانەیە بۆ ڕزگاربوون لەو ئاژاوە نێودەوڵەتییەی کە قووڵترە لە 'باری سرووشتی'ـی لەسەر ئاستی جیهانیدا. بۆیە دەستوور، وەک 'ئاوەزی باڵا و جەوهەریی نەتەوەیی'، ئەم هێزە ئۆرگانیکە دەکاتە پەرگاڵێکی ڕێکخراو کە توانای نواندنی 'ویستمەندیی هێزمەند'ـی
لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا هەبێت، نەک تەنیا لەناوخۆدا. دەستوور لێرەدا، وەک گێڕانەوەیەکی بنەڕەتی لە ژیریی کۆیی و ژیانی قووڵ و ڕیشەداری نەتەوەکەمان، خۆی بە شێوەیەکی خۆساز و خۆسەرچاوە ڕەوایی خۆی بەدەست دێنێت؛ ئەم تایبەتمەندییە ئەوە دەگەیەنێت کە دەستوور بەبێ پێویستی بە هیچ سەرچاوەیەکی قانوونیی دەرەکی یان ڕەزامەندی دەرەوەی کوردستان، خۆی خۆی دروست دەکا و دادەمەزرێنێت و بۆ ڕەوایی و قانوونمەندیی خۆی پەنا ناباتە بەر هیچ بنەمایەکی دەرەکی، بەڵکو لە سەروو-دەوڵەتدا وەستاوە. هەر لەبەر ئەمەیە، تەنانەت پێش دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، ئەم دەقە دامەزراوە کارگێڕیی، قانوونیی و وارگێڕییەکانی داگیرکەران لە بەها و بایەخ دەخات و ڕەوایەتییان لێ دەسێنێتەوە، چونکە سەرچاوەی دەسەڵاتیان لە دەرەوەی ویستی کوردەوە هاتووە و بەسەریدا سەپێنراون. پەیوەندی نێوان دەستوور و دەوڵەت لە نێوان شێوە و ناوەڕۆکدایە، لە نێوان ئامانج و ئامرازدایە؛ دەوڵەت ئافرێنراوی دەستوورە، نەک بە پێچەوانەوە، ئەرکی دەوڵەت تەنیا و تەنیا ڕاییکردن و پاراستنی فەرمانەکانی دەستوورە. نەتەوەیەک کە بناغەکانی شارستانییەتی مرۆڤایەتی دامەزراندووە، دەبێت خۆی بسەپێنێتەوە و جێگەی خۆی بگرێت لە پەرگاڵی دەوڵەتاندا وەک مۆدێرنترین چاخی مێژوویی مرۆڤ، و چیدی پێویست ناکات بدرێتە دەم کڵپی تیژی بەربەرییەت.
ئاڵای نەتەوەیی کوردستان لە دەستووردا لە فۆرمی پارچە قوماشێک دەردەهێنرێت و دەبێتە ئەو پەیمانە بنەڕەتی و نەگۆڕانەی کە بوونی نەتەوەیی لەسەریان دامەزراوە. هەر ڕەنگێکی نوێنەرایەتیی ئەرکێکی بوونایەتی و بەڵێنێکی هەردەمیی دەکات؛ ئایا دەکرێت ئەمە بە بەڵێنێکی ساکار هەژمار بکرێت؟ نا، ئەمە سێ لایەنی سەرەکیی گەوهەری نەتەوەیی لێک دەدات. ڕەنگی سوور، پەیمانی خوێن و نەتەوەیە؛ ئەمە ئەو پەیوەندییە ئۆرگانیک و دانەبڕاوەیە کە هەر تاکێکی کورد بە ڕابردوو، ئێستا و داهاتووی نەتەوەوە گرێ دەدات، بۆیە ئەرکی پاراستنی پاکی و درێژەدارییەتی نەتەوە وەک باڵاترین ئەرکی بوونایەتی دەچەسپێنێت. ڕەنگی سپی، هێمای پەیمانی ژیانی کۆیی و بەکۆمەڵی گەش و ڕووناکە؛ لوتکەی ویستی پۆڵایینە کە لەسەر بنەماکانی ئاوەز، قانوون و دادپەروەری دامەزراوە، بە واتای بنیاتنانی دەوڵەتێکی هێزمەند و قانوونسەروەر کە تێیدا هیچ کەسێک لە سەرووی قانوونەوە نییە، هەر ئەمەشە کە پابەندبوون بە پەرەپێدانی زانست و ڕۆشنگەری و بەرەنگاربوونەوەی نەزانی و دواکەوتوویی مسۆگەر دەکات. ڕەنگی سەوز، پەیمانی دانەبڕاو و هەردەمیی کورد لەگەڵ خاک و وارگەی پیرۆزی کوردستان؛ ئەمە لە ژوورووی پەیوەندییەکی جوگرافی، پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی و بوونناسانەییە لەنێوان نەتەوە و ئەو خاکەی کە جەستەی فیزیکیی و شانۆی بەرجەستەبوونی بوونایەتییە مێژووییەکەیەتی، بۆیە پاراستنی سەوداهەڵنەگر و بێ سازانی یەکپارچەیی وارگەی نەتەوەیی وەک بەرزترین ئەرکی بوونایەتی جێگیر دەکرێت و دانەدواوەی ڕەهای هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای خاک یان لێدابڕینی هەر بستێکی، بە ناپاکی لەم پەیمانە هەژمار دەکرێت. خۆری زێڕینی ناوەند، کە بە ٢١ تیشک دەدرەوشێتەوە، دڵی لێدەری ئاڵاکەیە و هێمای وزە هەربووییەکەیە کە پەیمانەکانی وار و نەتەوە و ژیانی کۆیی و بەکۆمەڵ پێکەوە گرێ دەدات و دەیانکاتە یەکەیەکی زیندووی خاوەن سەروەری؛ سووکایەتی بەم هێمایە، داشکاندنی ڕێز و شکۆی گەوهەری کوردستانە و سووکایەتی بە ئاڵای نەتەوەیی بە تاوانێکی گەورە و نابەخشراو دژی سەروەریی و شکۆی دەوڵەت و نەتەوە دادەنرێت و پاراستنی ئاڵا ئەرکێکی نیشتمانیی سەرشانی هەموو شارۆمەندێکە و دەبێت هەمیشە بە شکۆمەندی پیشان بدرێت و هەرگیز لەژێر هیچ هێمایەکی دیکەوە نەبێت.
پێویستە لێکدانەوەی قانوونی جیاوازیی بنەڕەتیی نێوان کوردبوون و کوردستانیبوون وەک گەوهەریی بنەڕەتی کوردستانیزم جێگیر بکات. کوردبوون ژێرخانی بوونناسانەی هەستی نەتەوەیی کوردە و دەرخەری پەیوەندیی ڕەچەڵەکی، مێژوویی، کولتوری و وارناسانەیە، کە لە ڕێگەی ڕەچەڵەکی کوردییەوە دەگوێزرێتەوە یان لە ڕێگەی خۆئاگایی، هاوئاگایی و هەستی ناسنامەی ڕەچەڵەکمەندانەی کوردییەوە دەچەسپێت و گەشە دەکات و دەوڵەتی کوردستان پێویستە پاراستنی ناسنامەی کوردبوون بە شێوازی دامەزراوەیی لە دەستوور، قانوونی بنەڕەتی و لاوەکییەکاندا مسۆگەر بکات. لە کاتێکدا کوردستانیزم (کوردستانیبوون) پێوەبەستەییەکی بنەڕەتییە بە وارگەی نەتەوەیی کوردستان وەک وڵات و خاک، کە بنەمای قانوونیی و دەستووری هاووڵاتیبوونی کوردستانییە و مافی نیشتەجێبوون و ژیان لەسەر خاکی کوردستان مسۆگەر دەکات؛ ئەمە واتای ئەوەیە کە شارۆمەندی کوردستانی بریتییە لە کۆی کوردان و ناکوردانی نیشتەجێی کوردستان کە خاوەنی پلەی شارۆمەندییەتین و بەبێ جیاوازی لە ڕەچەڵەک، نەژاد، یان ئایین، لە مافی شارۆمەندیدا لە بەرامبەر قانووندا یەکسانن. دەوڵەت پابەندە بە پاراستنی شوناسی فەرهەنگی و زمانیی ناکوردانی کوردستان، بەڵام ئەم مافە هەرگیز نابێت ببێتە هۆی لاوازکردنی پابەندبوون بە دەستوور و سەروەریی دەوڵەتی کوردستان، بەڵکو دەبێت بە یەکێتییەکی نەتەوەیی پتەو و یەکگرتوو گەشە بکات کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی جیاوازییەکان و فرەیی ڕەنگەکانی نێوخۆی کوردستان دامەزرا بێت، کە هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان لەخۆ بگرێت. ئەمە ئەرکی دەوڵەتە کە زمانی کوردی بۆ ئەو کوردانە بگەڕێنێتەوە کە لە ئەنجامی تواندنەوە و گواستنەوەی زمانییەوە لە دەستیان داوە. بەڵێندارێتی دەستووریی ئەوە دەسەپێنێت کە ئەرکی دەوڵەتە بە وارگێڕیی دروست زمانی کوردی بۆ خۆیان و نەوەکانی دواتریان بگەڕێنێتەوە، وەک بەشێکی دانەبڕاو لە پاراستنی ناسنامەی کوردبوون بە شێوازی دامەزراوەیی، چونکە زمانی کوردی درێژەدارییەتی مێژوویی و بەشێکی دانەبڕاوی ناسنامەی هەزاران ساڵەی نەتەوەیی و وارگەی نەتەوەیی کوردستانە و فەرمییەتی زمانی کوردی هەموو زاراوەکان دەگرێتەوە.
سەروەریی نەتەوەیی دەوڵەتی کوردستان بەر لە هەر شتێک گەوهەری بوونایەتی ڕەسەن، دانەبڕاو، سەوداهەڵنەگر و هەردەمیی نەتەوەی کوردە؛ دەوڵەتی کوردستان، ئامراز پێویست بۆ ڕایەداری ئەم سەروەرییە بەسەر خاکی پیرۆزی کوردستانە. هیچ دەسەڵاتێک، تەنانەت ئەوانەی بە شێوەیەکی دیموکراتیش هەڵبژێردرابن، بۆی نییە بە ناوی نەتەوەوە دەستبەرداری بچووکترین بەشی ئەم سەروەرییە ببێت، چونکە نەتەوەی کورد خاوەنی ڕەسەنی سەروەرییە. پاراستنی شکۆی نەتەوەیی و نەهێشتنی نەیارشەیدایی، دەبێت وەک بنەمایەکی دەستووریی قووڵ لێکبدرێتەوە، کە مەبەست لێی نەک تەنیا دانەدواوەی بیردۆزێک، بەڵکو مەبەست لێی نەهێشتنی دۆخێکە کە کورد بە تاک یان بە کۆ تێیدا تووشی ئەوینداری بۆ دوژمن بووە، بەڵام ئەمە لە چوارچێوەیەکی وارگێڕیی و نەتەوەییدا ڕوو دەدات و پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی هزریی و قانوونی هەیە؛ و دەکرێت دڵسۆزی بۆ داگیرکەر لە پێناو بەرژەوەندیی کاتی، بە ڕەفتارێکی تاوانبارانە؛ واتا تاوانی باڵای ناپاکیی نیشتمانی و وەک کردەی پچڕاندنی پەیوەندی نێوان نەتەوە و ویستی گەوهەریی خۆی دادەنرێت و دەکەوێتە چوارچێوەی تاوانی دژ بە پەڕگاڵی دەستوورییەوە. دەستوور داخوازی دانەدواوەی ڕەهای هەر ئایدیۆلۆژیایەک دەکات کە هەوڵی سڕینەوەی ئەم پەیوەندییە بنەڕەتییە بدات یان شوناسی نەتەوەیی بە شتێکی هەڵبژاردەیی یان کاتی وێنا بکات، چونکە هەر کردەوەیەک کە هەوڵ بدات ڕەوایەتیی سەروەریی دەوڵەتی کوردستان بە ڕەزامەندی یان مەرجی هێزێکی دەرەکییەوە ببەستێتەوە، بە ناپاکی لە هاوئاگایی نەتەوەیی و تاوانی بنەڕەتیی دەستووری هەژمار دەکرێت. ئەرکی دەوڵەت وەک پارێزوان، پاراستنی چالاکانەی سەربەخۆیی و ئاسایشی نەتەوەیی کوردستانە؛ ئەم نەک تەنیا بەرگریکردن، بەڵکو دۆکترینی بەرگریی چالاک و پاراستنی پێشوەختە پەیڕەو دەکات.
دەسەڵاتی قانووندانان، سەرچاوە و پێکهاتەیەکی هەیە کە لەو هاوئاگاییە نەتەوەییە هەڵدەقوڵێت و دەبێت نوێنەرایەتیی ویستی کۆمەڵیی نەتەوە بکات، نەک بەرژەوەندیی لایەنی کاتی. مەکۆی نیشتمانی (پەرلەمان)، وەک دەسەڵاتی قانووندانان، بە شێوەیەکی لۆژیکیی دەبێت پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ مەکۆی ژیران (سەنا)، وەک ژووری ژیرمەندی و سەقامگیریی نیشتمانی، هەبێت. مەکۆی ژیران، ئەرکی ژێرخانیکردنی سەقامگیریی فۆڕمی دەستووریی و چاودێریی باڵای بەسەر قانوونەکاندا لە ئەستۆ دەگرێت، بەو واتایەی، دەستوور، هەمیشە وەک ڕێنوێن و سەکۆی سەرووی هەموو قانوونێکی دیکە دەمێنێتەوە. هەڵوەشاندنەوەی قانوونەکان دەبێت بە میتۆدۆلۆژیایەکی توند و قانوونییەوە ڕێکبخرێت کە ڕێگە بە لاساریی قانووندانان نەدات، بەڵکو پابەندبوون بە بنەما نەگۆڕەکانی دەستوور بکاتە پێوەری یەکلاکەرەوە. لەبەر ئەم هۆکارەیە کە بوودجە و کارگێڕیی دەسەڵاتی دادوەریی بە قانوون گەرەنتیی سەربەخۆیی بنەڕەتیی پێدەدرێت، چونکە دادوەران و داخوازکارانی گشتی لە کاتی ڕاژەیاندا خاوەنی سەربەخۆیی تاکەکەسین و دەبێت لە هەر کاریگەرییەکی دەسەڵاتی ڕایەدار یان دارایی بێ پارێزراو بن، و پڕۆسەی لێپرسینەوە و سزادانی دادوەرانیش بە شێوازێکی زۆر توند ڕێکخراوە بۆ پاراستنی شکۆی دادپەروەریی، ئەمەش دڵنیایی دەدات کە دادگای باڵا وەک پارێزەری ڕەهای دەستوور و سەروەریی قانوون دەمێنێتەوە، و بەم شێوەیە پەیوەندیی مەکۆی نیشتمانی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە سەربەخۆکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی تەواو بە سەروەریی قانوونی دەستوور زاڵ دەکرێت.
پێویستە لێکدانەوەی دادوەریی بەردەوام جیاوازیی بکات لەنێوان مافە تاکەکەسییەکانی شارۆمەند و ئەرکە نیشتمانییەکان؛ ئەم دەستوورە جەخت لەسەر ئەو ڕاستەواییە دەکاتەوە کە مانەوەی تاک بەستراوە بە مانەوەی ژینگەی وارگێڕیی، کە ئەویش دەوڵەتە، بۆیە ئەرکی باڵای نیشتمانی وەک بنەمای سەرەکی دادەنرێت. سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان ئەرکی قانوونیی و نیشتمانیی وارپارێزیی و پاراستنی سەروەریی نەتەوەییان لەسەر شانە، ئەمەش نەک تەنیا لە ڕێگەی ئامادەیی بۆ بەرگریکردن لە کاتی شەڕدا، بەڵکوو لە ڕێگەی بەشداریی چالاک لە دامەزراوەکانی کوردستان و وەفاداریی بێ مەرج بە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت ڕایی دەکرێت، دەکرێت کەسێک خۆی لەم ئەرکە نەتەوەییە دانەبڕێت و هێشتا بەرهەمە مادی و مەعنەوییەکانی دەوڵەت بخوات؟ ئامانجی بەرگری نیشتمانی نەک هەر بەرگریکردن، بەڵکو پاراستنی چالاکانەی سەربەخۆیی و ئاسایشی نەتەوەیی کوردستانە، کە بە پێڕەوکردنی دۆکترینی بەرگریی چالاک و پاراستنی پێشوەختە جێبەجێ دەکرێت؛ ئەم دۆکترینیی وارگێڕییە، فەلسەفەی دامەزراندنی هێزی بەرگریی نیشتمانی (ئارتەش)، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و پەڕگاڵی نێوخۆیی و پۆلیسی نیشتمانییە کە پێکەوە کۆڕی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی پێکدەهێنن، کە پارێزەری ڕەهای سەقامگیریی کوردستانن. بنەماکانی ئابووریی نیشتمانیی کۆماری کوردستان دەبێت لەسەر بنەمای سەرمایەداریی نیشتمانی و ئابووریی فرەبناغە دامەزرێن، کە ئامانجی سەرەکییان بریتییە لە دابینکردنی سەربەخۆیی ئابووریی و خۆشبژێویی گشتی وەک ئامانجی دەستووریی دەوڵەت، و ناکرێت دەوڵەتێک سەروەریی ڕەبەقی هەبێت بەبێ سەربەخۆیی نەختینەیی و سەقامگیریی دارایی. سەروەریی دەوڵەت بەسەر سامانە سروشتییەکاندا ڕەهایە و دەبێت بە شێوازێک ڕێکبخرێت کە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی مسۆگەر بکات، چونکە ئەم سامانانە مڵکی نەوەکانی داهاتووشن. ئەرکی ئاوەدانکردنەوەی ستراتیژی و گەشەی ڕاوەستاو پێویستی بە دامەزراندنی بانکی ناوەندیی کوردستان و کۆڕی باڵای ئابووریی نیشتمانی هەیە، بۆ ئەوەی ببنە قەڵغانی بەرگریی لە بەرامبەر شۆکە دەرەکییەکان و دەستێوەردانە ئابوورییە بیانییەکان، بەشێوەیەک کە ئاسایشی خۆراک و سەربەخۆیی کشتوکاڵی بپارێزرێت و پاراستنی ئابووریی نەتەوەیی بکاتە بنەمای بازرگانیی نێودەوڵەتی. ئابووریی دەبێت وەک ئامرازێک بۆ نواندنی شارستانیەت و گەڕیاریی نیشتمانی کار بکات، کە تێیدا پشتیوانی لە داهێنانی ئابووری و پڕۆژەی نوێباو دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی ڕکابەر لە گۆڕەپانی جیهانیدا، ئەمە نەک تەنیا خواستێکی ئابوورییە، بەڵکوو ئەرکێکی بوونایەتی و دەستوورییە.
بنەما ستراتیژی و دەستوورییەکانی وارگێڕیی دەرەوەی کۆماری کوردستان لەسەر پرەنسیپە ڕێنوێنەرەکانی سەربەخۆیی ڕەبەق و نەگۆڕ و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی دامەزراون. پەیوەندیی نێوان قانوونی کوردستان و قانوونی نێودەوڵەتی بە شێوازێک ڕێک دەخرێت کە قانوونی نێوخۆیی هەمیشە لە سەرووی هەموو ڕێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتییەوە بێت و هەرگیز ڕێگە بە سەودا لەسەر بەشێک لە مافە ڕەهاکانمان لە پێناو دانپێدانانێکی کاتی نادرێت، چونکە ئەمە دژی بنەما نەگۆڕەکانی دەستوور و سەروەریی نەتەوەییە. لەم چوارچێوەیەدا، دیاسپۆرای کورد وەک قووڵایی ستراتیژیی کوردستان پێناسە دەکرێت و دەوڵەت بەرپرسیارە لە وارگێڕیی دروستی ئەوان و بەستنەوەی کولتووری و فەرهەنگی بە نیشتمانەوە. هاوکات، پەیوەندیی مێژوویی و پەیمانی ستراتیژی لەگەڵ نەوەکانی ماد و پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل و بەرەنگاربوونەوەی دژەجووبوون وەک بەشێکی دانەبڕاو لە دۆکترینی وارگێڕیی دەرەوە دەچەسپێنرێن، کە ئاماژەیە بۆ هاوسەنگیی ستراتیژیی نەتەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئایدیۆلۆژیای هەڵوەشێنەر وەک ئەرکێکی دەستووریی.
دەوڵەتی کوردستان پابەند دەکرێت بە پەرەپێدانی چەمکی دەوڵەتی ژیر، کە تێپەڕاندنی پەرگاڵی کارگێڕییە بەرەو گەرەنتیی سەربەخۆیی تەکنۆلۆژیی و دیجیتاڵیی نەتەوە. بنەما دەستوورییەکانی دەوڵەتی ژیر دەبێت ببنە چوارچێوەیەک بۆ ڕاژە گشتییەکان و دیجیتاڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری و بەدیهێنانی شوناسی نیشتمانیی دیجیتاڵی و پەڕگاڵی دیموکراسیی دیجیتاڵی. لە سەردەمی ئێستادا، پاراستنی زانیاریی کەسی و کەسینەیی دیجیتاڵی مافێکی لاوەکی نییە، بەڵکو مافێکی بنەڕەتی و ئەرکێکی ڕەهای دەوڵەتە؛ بۆیە دامەزراندنی دەستەی نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و ناوەندی نیشتمانی بۆ هەواڵگری و شیکاریی ستراتیژی لەم چوارچێوەیەدا بە پێویستییەکی ژینەکیی دادەنرێت بۆ ئەوەی چوارچێوەی قانوونیی و ڕەوشتیی تەکنۆلۆژیا بە توندی ڕێکبخەن، چونکە ئاسایشی ئەلیکترۆنی بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی نەتەوەیی گشتگیر.
ڕەوایەتیی دەسەڵات لە توانای دابینکردنی خۆشبژێویی گشتی وەک ئامانجی دەستووریی دەوڵەت و گەشەپێدانی شایستەسالاری وەک بنەمای هێزی دەوڵەتدا دەبینرێتەوە. مانەوەی دەسەڵات سەربەخۆ لەژێر سایەی گەندەڵکاران و جەردەسالاراندا ناشۆیە، بۆیە تاوانی جەردەسالاری و داڕزاندنی دەوڵەت بە تاوانێکی باڵا هەژمار دەکرێت و دەبێت بە دامەزراندنی دەستەی نیشتمانیی پاکڕەوشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ژمێریاریی گشتی و چاودێریی کارایی لە دەزگاکانی دەوڵەتدا، بە توندی بەرەنگاری بکرێتەوە. لە هەمان ئاستدا، پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدیۆلۆژیای هەڵوەشێنەر ئەرکێکی هەردەمیی دەوڵەتە و پاراستن و ساغکردنەوەی دیمۆگرافیای نەتەوەیی وەک بەندێکی نەگۆڕ جێگیر دەکرێت، چونکە نەتەوەیەک کە دیمۆگرافیا و کولتووری دەشێوێنرێت، وارگەی بوونایەتیی خۆی لەدەست دەدات. ئەرکی دەسەلاتە کە بێپسانەوە بۆ بەهێزکردنی دەستەی نیشتمانیی مافەکانی مرۆڤ و نووسینگەی پارێزەری گشتی و بێلایەنیی دەوڵەت بەرامبەر ئایین و باوەڕەکان کار بکات، بۆ ئەوەی لە دادپەروەریی گشتگیر و سەروەریی قانوون بەسەر هەموواندا دڵنیایی بدات.
لەسەر بنەمای پەیمانی وارپارێزی و ئەرکی بوونناسانە پێویستە لێکدانەوەی دادوەریی بێوچان جیاکارییەکی ورد و بنەڕەتی لەنێوان مافە تاکەکەسییەکانی شارۆمەند و ئەرکە باڵا نیشتمانییەکان بکات، چونکە ئەم دەستوورە جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەكاتەوە کە مانەوەی تاک لە دەرەوەی ژینگەی وارگێڕیی، کە دەوڵەتە، ناشۆیە؛ بۆیە ئەرکی باڵای نیشتمانی وەک بنەمایەکی ژینەکی و سەرەکی دادەنرێت و بەرژەوەندیی گشتی هەمیشە پێش بەرژەوەندیی تایبەتی دەکەوێت. سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان، بەبێ جیاوازی، ئەرکی قانوونیی و نیشتمانیی وارپارێزیی و پاراستنی سەروەریی نەتەوەییان لەسەر شانە، ئەمەش نەک ئەرکێکی ڕووکەش، بەڵکو پەیمانێکی بوونناسانەیە کە نەک تەنیا لە ڕێگەی ئامادەیی جەستەیی بۆ بەرگریکردن لە کاتی جەنگدا، بەڵکوو لە ڕێگەی بەشداریی چالاک و هۆشمەندانە لە دامەزراوەکانی کوردستان و وەفاداریی بێ مەرج بە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت ڕایی دەکرێت. مافی سوودمەندبوون لە بەرهەمە شتەکی و واتاییەکانی دەوڵەت و ژیان لە سایەی ئاسایشەکەیدا، بە شێوەیەکی ئۆرگانیکی بەندە بە ئەنجامدانی ئەم ئەرکە نەتەوەییەوە و هەر چەشنە دابڕانێک لێی، دژی لۆژیکی دادپەروەری و پێچەوانەی پەیمانی پیرۆزی هاووڵاتیبوونە. ئامانجی بەرگری نیشتمانی لەم دەستوورەدا نەک هەر بەرگریکردنی سادە، بەڵکو بریتییە لە پاراستنی چالاکانەی سەربەخۆیی و ئاسایشی نەتەوەیی کوردستان کە بە پێڕەوکردنی "دۆکترینی بەرگریی چالاک" و "پاراستنی پێشوەختە" جێبەجێ دەکرێت؛ ئەم دۆکترینیی وارگێڕییە، فەلسەفەی دامەزراندنی کۆڕی باڵای ئاسایشی نەتەوەییە کە پێکهاتووە لە هێزی بەرگریی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و پۆلیسی نیشتمانی، کە پێکەوە وەک یەکەیەکی ژینەکی کار دەکەن بۆ ئەوەی ببنە پارێزەری ڕەهای سەقامگیریی بوونایەتیی کوردستان و ڕێگری لە هەر هەڕەشەیەک بکەن کە ئامانجی شێواندنی ناسنامە یان داگیرکردنی وارگەی نەتەوەیی بێت.
ژێرخانی ئابووریی نەتەوەیی کۆماری کوردستان لەسەر بنەمای "سەرمایەداریی نەتەوەیی" و پەرگاڵی ئابووریی فرەبناغە دادەمەزرێت، کە ئامانجی سەرەکییان بریتییە لە دابینکردنی سەربەخۆیی ئابووریی ڕەها و دابینکردنی "خۆشبژێویی گشتی" وەک ئامانجی دەستووریی دەوڵەت، لەسەر ئەو باوەڕەی کە هەبوونی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی نەتەوەیی ڕەبەق بەبێ هەبوونی سەربەخۆیی نەختینەیی و سەقامگیریی دارایی، ناشۆیە. لەم ڕوانگەیەوە، باڵادەستیی دەوڵەت بەسەر سامانە سروشتییەکاندا ڕەهایە و دەبێت بە شێوازێک ڕێکبخرێت کە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی مسۆگەر بکات، چونکە ئەم سامانانە مڵکی نەوەکانی داهاتووشن و بەفیڕۆدانیان تاوانە دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی. ئەرکی ئاوەدانکردنەوەی ستراتیژی و گەشەی ڕاوەستاو پرسێکی ژینەکییە و پێویستی بە دامەزراندنی "بانکی ناوەندیی کوردستان" و "کۆڕی باڵای ئابووریی نەتەوەیی" هەیە، بۆ ئەوەی ببنە قەڵغانی بەرگریی لە بەرامبەر شۆکە دەرەکییەکان و دەستێوەردانە ئابوورییە بیانییەکان، بەشێوەیەک کە ئاسایشی خۆراک و سەربەخۆیی کشتوکاڵی بپارێزرێت و پاراستنی ئابووریی نەتەوەیی بکاتە بنەمای بازرگانیی نێودەوڵەتی. ئابووریی لەم دەستوورەدا دەبێت وەک ئامرازێک بۆ نواندنی شارستانیەت و "گەڕیاریی نەتەوەیی" کار بکات، کە تێیدا پشتیوانی لە داهێنانی ئابووری و پڕۆژەی نوێباو دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی ڕکابەر لە گۆڕەپانی جیهانیدا، ئەمەش نەک تەنیا ویستێکی ئابوورییە، بەڵکوو ئەرکێکی بوونایەتی و دەستوورییە.
بنەما ستراتیژی و دەستوورییەکانی وارگێڕیی دەرەوەی کۆماری کوردستان لەسەر کۆڵەکە ڕێنوێنەکانی سەربەخۆیی ڕەبەق و نەگۆڕ و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی دادەمەزرێن. هاوکێشەی نێوان قانوونی کوردستانی و قانوونی نێودەوڵەتی بە شێوازێک ڕێک دەخرێت کە قانوونی کوردستانی هەمیشە باڵادەستیی هەبێت بەسەر هەموو ڕێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتییەوە، بە جۆرێک کە هەر هەوڵێک بۆ سەوداکردن لەسەر بەشێک لە مافە ڕەهاکان لە پێناو دانپێدانانێکی کاتی، وەک پێشێلکاریی دەستووری و لادان لە سەروەریی نەتەوەیی بە توندی وەدوا دەدرێتەوە. ڕوانگەی ستراتیژیی بۆ پەرگاڵێکی جیهانیی دادپەروەرانە و بەرپرسیارێتیی گەردوونی ئاراستە دەکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، دیاسپۆرای کورد وەک قووڵایی ستراتیژیی نەتەوە پێناسە دەکرێت و دەوڵەت بەرپرسیارە لە وارگێڕیی دروستی ئەوان و بەستنەوەی کولتووری و فەرهەنگی بە نیشتمانەوە. لە هەمان کاتدا، پەیوەندیی مێژوویی و پەیمانی ستراتیژی لەگەڵ نەوەکانی ماد و پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل و بەرەنگاربوونەوەی دژەجووبوون وەک بەشێکی دانەبڕاو لە دۆکترینی وارگێڕیی دەرەوە دەچەسپێنرێن، کە ئاماژەیە بۆ هاوسەنگیی ستراتیژیی نەتەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئایدیۆلۆژیای هەڵوەشێنەر وەک ئەرکێکی دەستووریی و نەتەوەیی.
دەوڵەتی کۆماری کوردستان چەمکی "دەوڵەتی ژیر" وەک ستراتیژییەتێکی باڵا دەچەسپێنێت، بە جۆرێک کە پەرگاڵی کارگێڕیی پێشکەوتوو تەنیا ئامرازێک نەبێت، بەڵکو ببێتە گەرەنتیی سەربەخۆیی تەکنەلۆژیی و دیجیتاڵیی نەتەوە. بنەما دەستوورییەکانی ئەم دەوڵەتە، چوارچێوەی ڕاژە گشتییەکان، دیجیتاڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری و بەدیهێنانی ناسنامەی نەتەوەیی دیجیتاڵی دادەڕێژێتەوە. لەم دۆکترینیەدا، پاراستنی زانیارییە کەسییەکان و کەسینەیی دیجیتاڵی، لە پلەی مافێکی لاوەکییەوە بۆ ئاستی مافێکی بنەڕەتی و ئەرکێکی ڕەهای دەوڵەت بەرز دەکرێتەوە؛ لەم سۆنگەیەوە، دامەزراندنی "دەستەی نەتەوەیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی" و "ناوەندی نیشتمانی بۆ هەواڵگری و شیکاریی ستراتیژی" بە گەرەکییەکی حاشاهەڵنەگر دادەنرێت بۆ ڕێکخستنی توندی چوارچێوەی قانوونیی و ڕەوشتیی تەکنەلۆژیا، بەو پێوەرەی کە ئاسایشی ئەلیکترۆنی بەشێکی دانەبڕاو و تەواوکەری ئاسایشی نەتەوەیی گشتگیرە.
سەرچاوەی ڕەوایەتیی دەسەڵات لە توانای دابینکردنی "خۆشبژێویی گشتی" و جێگیرکردنی "شایستەسالاری" و دابینکردنی ئاسایش بۆ هاوڵاتیانی کوردستان وەک تاکە پێوەری وەرگرتنی بەرپرسیارێتیدا بەرجەستە دەبێت؛ بۆیە چەمکی دەوڵەتی سەربەخۆ و دیاردەی "جەردەسالاری" دوو دژبەری ئاشکران و لە یەک کاتدا کۆنابنەوە. هەر فۆرمێکی گەندەڵی و داڕزانی دامەزراوەیی، وەک هەڵوەشێنەرەوەی پەیمانی کۆمەڵایەتی و "تاوانێکی باڵا" دژ بە شکۆی دەوڵەت پێناسە دەکرێت، کە پێویستە لە ڕێگەی کاراکردنی "دەستەی نەتەوەیی پاکڕەوشتی" و "ژمێریاریی گشتی"ـیەوە بە توندی ڕیشەکێش بکرێت. هاوکات، دەوڵەت ئەرکی پارێزبەندیی لە "کەسایەتیی دیمۆگرافی"ـی نەتەوەکەمان لە ئەستۆ دەگرێت، لەسەر ئەو بنەمایەی کە شێواندنی دیمۆگرافیا و کولتوور، یەکسانە بە لەدەستدانی "وارگەی بوونایەتی"؛ کەواتە "ساغکردنەوەی" نەخشەی دیمۆگرافی وەک بەندێکی نەگۆڕی دەستووری زاڵ دەکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، دەسەڵات نوێنەرایەتیی هیچ ئایین و باوەڕێکی تایبەت ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی "نووسینگەی پارێزەری گشتی" و "دەستەی نەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ"ـەوە، بێلایەنیی ڕەهای خۆی دەپارێزێت بۆ ئەوەی ببێتە چەترێکی دادپەروەر بۆ هەموو پێکهاتەکان و باڵادەستیی قانوون بەسەر هەموواندا وەک یەک جێبەجێ بکات.
ئەم دەستوورە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی کەسایەتی مێژوویی و یەکپارچەی نەتەوەکەمانە، هاواری قانوونیی خودی بەکۆمەڵە — تاسەی مێژوویی، هۆشمەندیی فەلسەفی و ویستمەندیی بێوچانی بۆ سەربەخۆیی بێسنوور و دەوڵەتداریی تەواوە. دەستوور پشت بە "بوونایەتیی بوونسەپێن"ـی کوردستان و ویستی کۆیی نەتەوە و سرووشتی مێژوویی وڵات دەبەستێت؛ هەبوونی کەتوارە ناوەرۆکسازەکەی لە خۆئاگایی نەتەوەیی و لە هەناوی ئەزموونی مێژووییەوە هەڵدەقوڵێت و بایەخ و بەهای خۆی لە ویستی بێپسانەوەی کوردەوە وەردەگرێت، بۆیە ئەم هێزە هەربووییە لە چوارچێوەی دەقێکی وشکدا بەرتەسک ناکرێتەوە، بەڵکو وەک ڕۆحێکی زیندوو دەمێنێتەوە. "خۆسەرچاوەیی"، ئەو چاوگە بوونناسییە بنچینەییەیە کە پڕۆسەی دەوڵەتبوون و دەستوور بەیەکەوە گرێ دەدات؛ واتە دەستوور نەک هەر دەربڕینی قانوونمەندی، بەڵکو لە قووڵبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە هەناوی ڕەوتی مێژوویی نەتەوەدا سەری هەڵداوە و بۆ هەموو گۆڕانکارییەکی مێژوویی داهاتوو، پلاتفۆرمێکی ڕەوایی قانوونیی بەرفراوان دابین دەکات. دەستوور ڕابەرێکی مێژووییە بۆ تێپەڕین لە قۆناخی ژێردەستی بۆ قۆناخی سەروەریی نەتەوەیی و سەربەخۆیی، بە جۆرێک کە هاوبەرپەرچیی نێوان دەوڵەت، ڕەوایی و دەستوور لە ڕوانگەی دەستوورەوە هەم یەکبین و هەم لێکجیاوازە؛ یەکبین لەو ڕووەوە کە هەرسێکیان لە کەتواری ناسنامەی نەتەوەیی و هەستی نەتەوەییەوە هەڵدەقوڵێن، لێکجیاوازیش لەو ڕووەوە کە هەریەکەیان لە ئاستی جیاوازی پێگەیشتنی کەتواری وارگێڕی و قانوونییدا خۆیان دەردەخەن. لەم هاوکێشەیەدا، دەوڵەت سەرچاوەی دەستوور نییە، بەڵکو ئەوە دەستوورە کە لە "سەروو-دەوڵەت"ـدا وەستاوە و ڕەوایی بە بوونی دەوڵەت دەدات، کەواتە دەوڵەت ئافرێنراوی دەستوورە و پێویستە ملکەچی بێت. ئاواتی مێژوویی نەتەوەی کورد بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ، بۆ سەروەریی نەتەوەیی و بۆ بڕیار لەسەر چۆنییەتی بوونایەتیی خۆ وەک نەتەوە و نیشتمانەکەی وەک وڵات، لەم دەقە پیرۆزەدا دەگات بە بەرزترین پلەی دەربڕینی بوونایەتی.
