پێناسە دەستوورییە بنەڕەتییەکان
بۆ جێگیرکردنی "یەکڕایی واتایی" لە پڕۆسەی داڕشتن و لێکدانەوەی قانوونەکاندا و بۆ پاراستنی گەوهەری دەستوور لە هەر جۆرە شێواندنێکی واتایی، ئەم پێناسانە وەک ڕووگەیەکی دەستووریی نەگۆڕ و چاڤکانییەکی باڵا بۆ گشت دامەزراوەکانی دەوڵەت دادەمەزرێن تا بنەمای یەکلاکەرەوە…
بۆ جێگیرکردنی "یەکڕایی واتایی" لە پڕۆسەی داڕشتن و لێکدانەوەی قانوونەکاندا و بۆ پاراستنی گەوهەری دەستوور لە هەر جۆرە شێواندنێکی واتایی، ئەم پێناسانە وەک ڕووگەیەکی دەستووریی نەگۆڕ و چاڤکانییەکی باڵا بۆ گشت دامەزراوەکانی دەوڵەت دادەمەزرێن تا بنەمای یەکلاکەرەوە بن لە کاتی ڕاییکردنی دەسەڵاتەکاندا.
یەکەم: ئاسایشی نەتەوەیی
١.١. ئاسایشی نەتەوەیی، دۆخی پارێزراویی بوونی فیزیکی و گیانەکیی کۆماری کوردستان و توانای بێپسانەوەی نەتەوەیە بۆ ڕاییکردنی سەروەریی ڕەهای خۆی لەسەر وارگەی مێژوویی.
١.٢. ئەم دۆخە گشتگیرە، وەک قەڵغانێکی زیندوو، ئەم بوارە ستراتیژییانەی خوارەوە دەگرێتەوە کە پاراستنیان مەرجی مانەوەی دەوڵەتە:
ئا. پاراستنی بوونی دەوڵەت وەک یەکەیەکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری.
ب. پاراستنی یەکپارچەیی وارگەی نەتەوەیی و پێشێلنەکردنی سنوورەکانی کۆمار.
پ. پاراستنی پەڕگاڵی دەستووری و سەقامگیریی دامەزراوە قانوونییەکانی دەوڵەت.
ت. پاراستنی شوناسی نەتەوەیی، زمانی کوردی، پاشماگی شارستانی و یادەوەریی مێژوویی نەتەوە.
ج. مسۆگەرکردنی ژێرخانی تۆکمەی ئابووری، پاراستنی ژێرخانە ژینەکییەکان و سەرچاوە ستراتیژییەکان.
چ. توانای دەوڵەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە دەرەکی و ناوخۆییەکان و بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییە نیشتمانییەکانی.
دووەم: بەرژەوەندییە نەتەوەییە باڵاکان
٢.١. بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان، ئەو ئامانجە درێژخایەن و سەوداهەڵنەگرانەن کە گشت وارگێڕی و کردەوەیەکی دەوڵەت دەبێت لە ڕاژەیاندا بێت. ئەم بەرژەوەندییانە بریتین لە:
ئا. مسۆگەرکردنی مانەوە، گەشەسەندن و خۆشبژێویی نەتەوەی کورد لەسەر وارگەی مێژوویی خۆی.
ب. چەسپاندنی سەروەریی ڕەهای کۆماری کوردستان لەسەر ئاستی نێوخۆیی و بەدەستهێنانی پێگەیەکی بەهێز و کاریگەر لەسەر گۆڕەپانی جیهانی.
پ. گەیشتن بە خۆبژێوی و سەربەخۆیی ستراتیژی لە بوارەکانی ئاسایشی خۆراک، وزە، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و پیشەسازیی بەرگریدا.
ت. پاراستن و بەهێزکردنی شوناسی نەتەوەیی و کولتووریی کورد لە ناوخۆ و لەنێو دیاسپۆرادا.
ج. بنیاتنانی هاوپەیمانێتیی ستراتیژی کە هێز و سەروەریی کۆمار پتەوتر بکات، نەک لاوازی بکات.
سێیەم: هەڕەشەی بوونایەتی
٣.١. هەڕەشەی بوونایەتی، هەر بارودۆخێکی مەترسیداری ڕاستەوخۆیە کە ببێتە هۆی خستنە مەترسیی مانەوەی کۆماری کوردستان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ، یان بوونی نەتەوەی کورد وەک یەکەیەکی نەتەوەیی. ئەمەش بەتایبەتی ئەم دۆخانەی خوارەوە دە گرێتەوە:
ئا. دەستدرێژیی سەربازیی بەرفراوانی دەرەکی یان داگیرکاری.
ب. بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ دژی خاکی کوردستان یان شارۆمەندانی.
پ. هەر هەوڵێکی سیستماتیک بۆ داڕمانی گشتی دامەزراوەکانی دەوڵەت و تێکدانی پەڕگاڵی دەستووری.
ت. ئەنجامدانی کردەوەی جینۆساید یان پاکتاوی نەژادیی بەرفراوان.
ج. دیاریکردنی هەر دۆخێک وەک "هەڕەشەی بوونایەتی" دەبێت بە بڕیارێکی فەرمیی کۆڕی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بێت و لەلایەن مەکۆی نیشتمانییەوە بە زۆرینەیەکی تایبەت پەسەند بکرێت.
چوارەم: دوژمن
٤.١. دوژمن، هەر دەوڵەت، ڕێکخراو یان هێزێکی نادەوڵەتییە کە یەکێک یان زیاتر لەم کردەوانەی خوارەوە دژی کۆماری کوردستان ئەنجام بدات:
ئا. ئەنجامدانی کردەوەی دەستدرێژیی سەربازیی ڕاستەوخۆ.
ب. کارکردنی چالاکانە و سیستماتیک بۆ تێکدانی سەروەریی یان یەکپارچەیی خاکی کوردستان.
پ. دابینکردنی پشتیوانیی شتەکی، دارایی یان لۆجستیکیی ستراتیژی بۆ ئەو گرووپانەی کە دژایەتیی چەکداریی کۆماری کوردستان دەکەن.
ت. بەپێی قانوونێک کە لەسەر پێشنیازی کۆڕی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و بە زۆرینەی دەنگی مەکۆی نیشتمانی دەربچێت، وەک "دوژمن" بناسێنرێت.
پێنجەم: ژێرخانی ژینەکی
٥.١. ژێرخانی ژینەکی، بریتییە لەو تۆڕە شتەکی و دیجیتاڵییانەی کە کارکردنی بێپسانەوەیان مەرجی بنەڕەتیی مانەوەی دەوڵەت، درێژەیی ژیانی کۆمەڵایەتی و کارایی ئابووریی نیشتمانییە. ئەم ژێرخانانە بەتایبەتی ئەمانەی خوارەوە دە گرنەوە:
ئا. پەڕگاڵەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزە.
ب. سەرچاوەکانی ئاوی شیرین و تۆڕەکانی دابەشکردنی.
پ. پەڕگاڵی بانکیی ناوەندی و پەرگاڵە داراییە بنەڕەتییەکان.
ت. تۆڕە سەرەکییەکانی گواستنەوە، لەوانە فڕۆکەخانە ستراتیژییەکان و ڕێگاوبانە ژینەکییەکان.
ج. تۆڕەکانی پەیوەندیی نیشتمانی و ژێرخانی بنەڕەتیی ئینتەرنێت.
چ. ژێرخانی دیجیتاڵیی "دەوڵەتی ژیر".
ح. دامەزراوە سەرەکییەکانی کەرتی تەندروستیی گشتی.
شەشەم: دادی کۆمەڵایەتی
٦.١. دادی کۆمەڵایەتی، لە چوارچێوەی ئەم دەستوورەدا، ئامرازێکی ستراتیژییە بۆ بەهێزکردنی یەکپارچەیی و خۆڕاگریی نەتەوەیی. ئەم چەمکە بریتییە لە پابەندبوونی دەوڵەت بە:
ئا. مسۆگەرکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ گشت شارۆمەندان لە بوارەکانی پەروەردە، کار و بەشداریی گشتیدا، لەسەر بنەمای شایستەیی ڕەها.
ب. دابینکردنی ئاستێکی شایستەی بژێوی و ڕاژەداریی بنەڕەتی بۆ هەموو تاکێک، بۆ پاراستنی شکۆی مرۆیی و ڕێگریکردن لە دروستبوونی کەلێنی قووڵی کۆمەڵایەتی.
پ. کەمکردنەوەی جیاوازیی گەشەسەندن لەنێوان ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا، بە مەبەستی پتەوکردنی هەستی هاونیشتمانیبوون و یەکێتیی نەتەوەیی.
حەوتەم: سەروەریی نەتەوەیی
٧.١. سەروەریی نەتەوەیی، باڵاترین دەسەڵاتی دەستووری و توانای بڕیاردانی ڕەهایە بەسەر تەواوی وارگەی نەتەوەیی و کاروباری دەوڵەتدا، کە سەرچاوەکەی تەنیا لە ویستی گەوهەری و هاوئاگایی مێژوویی نەتەوەی کوردەوە هەڵدەقوڵێت.
٧.٢. ئەم سەروەرییە خاوەنی ئەم خەسڵەتە دەستوورییە بنەڕەتییانەیە:
ئا. خۆسەرچاوەیی و خۆسازی: ڕەوایەتییەکەی لە هیچ هێز یان ڕێککەوتنێکی دەرەکییەوە وەرناگرێت، بەڵکوو خودی نەتەوە بە هەموو تایبەتمەندییە ئۆنتۆلۆژیی، کۆمەلایەتی و وارگێڕییەکانی چاوگەی تاقانەی ئەم ڕەوایەتییەیە و ئافرێنەریەتی.
ب. دابەشنەکراوی: سەروەریی یەکەیەکی گشتگیرە و ناشێت لە نێوان چەند یەکە یان دەسەڵاتێکی جیاوازدا دابەش بکرێت یان لاواز بکرێت.
پ. سەوداهەڵنەگری: پاراستنی سەروەریی ئەرکێکی پیرۆزە و هیچ دەسەڵاتێک مافی دەستبەرداربوون یان سازانی لەسەر هیچ بەشێکی نییە، لەبەر ئەوەی مڵکی هەردەمیی نەتەوەیە.
هەشتەم: وارگێڕی
٨.١. وارگێڕی، باڵاترین چالاکیی ئاوەزمەندانە و کرداریی نەتەوەیە بۆ ڕێکخستنی ژیانی بەکۆمەڵ و ئاڕاستەکردنی کەشتیی دەوڵەتداری؛ بریتییە لە زانست و هونەری گۆڕینی "ویستمەندیی نەتەوەیی" بۆ بڕیار و ستراتیژیی کارا بە مەبەستی پاراستنی "وار" و بەدیهێنانی مانەوەی شکۆمەندانە.
٨.٢. وارگێڕی وەک دەمارە-پەرگاڵی بڕیارسازیی ستراتیژی، ئەم فەرمانە ژینەکییانە لەخۆ دەگرێت:
ئا. پێناسەکردنی ئامانجە درێژخایەنەکانی نەتەوە و دیاریکردنی ڕێگاکانی گەیشتن پێیان.
ب. بەڕێوەبردنی هاوسەنگانەی دەسەڵات، سامان و دەرفەتەکان لەسەر بنەمای دادپەروەریی نیشتمانی.
پ. ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان شارۆمەند و دەوڵەت لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی دوولایەنە.
ت. نواندنی هێزی نەتەوەیی لە گۆڕەپانی جیهانیدا وەک سوبێکتێکی مێژووسازی سەربەخۆ.
٨.٣. فەلسەفەی وارگێڕی لە کۆماری کوردستاندا لەسەر ئەم ڕەهەندانە جێگیر دەبێت:
ئا. وارگێڕیی ناوخۆیی: بۆ داڕشتنی پەڕگاڵی ئابووری، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیی پێشکەوتوو.
ب. وارگێڕیی دەرەکی (دیپلۆماسی): بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونخوازیی و داگیرکاری.
پ. وارگێڕیی ئاسایش و بەرگری: بۆ داڕشتنی دۆکترینە سەربازییەکان و پووچەڵکردنەوەی پێشوەختەی هەڕەشەکان.
ت. وارگێڕیی واتایی: بۆ پاسەوانیکردنی گەوهەری هزری، زمانی و کولتووریی نەتەوە لە هەر جۆرە داگیرکارییەکی فەرهەنگی.
٨.٤. ڕەوایی هەر کردارێکی وارگێڕیی بەندە بە ڕادەی پابەندبوونی بە "دەستوور" و ئامانجە مێژووییەکانی نەتەوەوە؛ هەر وارگێڕییەک کە سەروەریی و شوناسی نەتەوەیی لاواز بکات، لە بنەڕەتەوە نادەستووری و پووچەڵە.
٨.٥. وارگێڕی، زانستی تێگەیشتنە لە "هێڵی شوێن-کات" بە مەبەستی گۆڕینی هەڕەشەکان بۆ دەرفەت و مسۆگەرکردنی باڵادەستیی نەتەوەیی لە جیهانێکی پڕ گۆڕانکاریدا.
نۆیەم: وڵات (Patria)
٩.١. وڵات، جەستەی فیزیکی، واتایی، بوونویستانە و مێژوویی نەتەوەی کوردە؛ ئەو پانتاییە تاقانەیەیە کە تێیدا جوگرافیا، بوونایەتی و شوناس دەبنە یەکەیەکی لێک دانەبڕاو بۆ بوونایەتی هاوبەشی نەتەوەی کورد. وڵات نەک هەر "خاک"، بەڵکوو نواندنی بەرجەستەبوونی بوونایەتیی نەتەوەیە لەسەر هێڵی "شوێن-کات"دا. وڵاتی نەتەوەی کورد ناوی کوردستانە.
٩.٢. پاتریای کورد (وڵات) لەم سێ ڕەهەندەدا پێناسە دەکرێت:
ئا. ڕەهەندی "وار": گشت ئەو جوگرافیا مێژووییەی کە نەتەوەی کوردی تێدا پەیدا بووە و وەک وارگەی کۆیی خۆی دەیناسێت و بەبێ ڕەچاوکردنی سنوورە دەستکردە داگیرکارییەکان پێکەوە یەکەیەکی سروشتیی یەکگرتوو پێک دەهێنن.
ب. ڕەهەندی "یادەوەری": کۆگای زیندووی پاشماگی شارستانی، خوێنی تێکۆشەران و یادەوەریی بەکۆمەڵی نەتەوەیە کە واتا بە "بوون"ـی کورد دەبەخشێت.
پ. ڕەهەندی "قانوونیی": ئەو قەڵەمڕەوە دەستوورییەیە کە تێیدا تەنیا "ویستی نەتەوە" لە فۆرمی دەوڵەتدا باڵادەستە یان دەبێ باڵادەست بێت و مافی خاوەندارێتیی ڕەها و بڕیاردانی سەروەرانە دەچەسپێنێت.
٩.٣. بنەمای "پێسپاردەی نەوەیی": وڵات مڵکی هیچ نەوەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو سپاردەیەکی مێژووییە کە لە نەوەکانی ڕابردووەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازرێتەوە. نەوەی ئێستا تەنیا مافی "پاسەوانی" و "ئاوەدانکردنەوەی ژیرانە"ـی هەیە و ئەرکدارە بە گەیاندنی بە نەوەکانی پاشەڕۆژ بە شێوەیەکی ئاوەدانتر و پارێزراوتر.
٩.٤. سەوداهەڵنەگری و یەکپارچەیی: وڵات یەکەیەکی دابەشنەکراو و پێشێلنەکراوە. هەر جۆرە دەستبەرداربوونێک لە هەر بستێکی، یان هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای بە مەبەستی لاوازکردنی شوناسی نەتەوەیی، بە کردەوەیەک دژی "بوون"ـی نەتەوە و ناپاکی لە دەستوور هەژمار دەکرێت.
٩.٥. سەروەری بەسەر سەرچاوەکاندا: وڵات ئەو پانتاییە دەستوورییەیە کە مافی خاوەندارێتیی ڕەهای نەتەوەی کورد بەسەر تەواوی سامانەکانی ژێرخاک، سەرخاک، ئاو، سەرچاوە ژینگەییەکان و وارگەی ئاسمانییدا دەچەسپێنێت.
٩.٦. ڕەهەندی ژینگەیی وەک شکۆی نەتەوەیی: پاراستنی سروشت، چیا، ڕووبار و دارستانەکانی کوردستان، بەشێکی دانەبڕاوە لە ئەرکی پاراستنی وڵات؛ تێکدانی ژینگەی کوردستان بە تێکدانی جەستەی نەتەوە و هەڕەشە بۆ سەر داهاتووی نەوەکان دادەنرێت.
دەیەم: ڕایەداری
١٠.١. ڕایەداری، ئەو ڕایە (ماندات) و دەسەڵاتە قانوونییەیە کە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات و ڕاییکردنی فەرمانەکانی دەستوور بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبەخشرێت؛ ڕایەداری جومگەی سەرەکیی ڕاییکردنی بڕیارە ستراتیژییەکان و گۆڕینی قانوونەکانە بۆ کردەی بەرجەستە.
١٠.٢. سەرۆکایەتیی ڕایەداری: سەرکۆمار وەک باڵاترین هەڵگری ڕایەداری لە وڵاتدا، بەرپرسیاری یەکەمە لە ئاڕاستەکردنی کارگێڕیی دەوڵەت، ڕێکخستنی کابینەی شالیاران و دڵنیابوون لە ڕاییکردنی دروستی ئەرکە نیشتمانییەکان.
١٠.٣. ڕاییکردن وەک گەوهەری ڕایەداری: ئەرکی بنەڕەتیی ڕایەداری بریتییە لە ڕاییکردنی قانوون و وارگێڕییەکان بە شێوەیەکی کارا. هەر کورتھێنانێک لە ڕاییکردنی ئەرکەکاندا، بە کەمبوونی ڕەوایەتیی ئەو دامەزراوەیە لەو بوارەدا هەژمار دەکرێت.
١٠.٤. بنەمای ڕەوایی: هیچ ڕایەدارییەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستوور و قانوون بەرکارەکاندا بوونی نییە. ڕایەداری ئامرازێکە بۆ ڕاژەبەرایەتیی نەتەوە، نەک سەپاندنی ویستی کەسی یان گرووپی.
١٠.٥. کارگێڕی و بەڕێوەبردن: ڕایەداری ڕەهەندێکی کارگێڕیی قووڵی هەیە کە بریتییە لە بەڕێوەبردنی ژیرانەی سەرچاوە مرۆیی، دارایی و سروشتییەکانی وڵات بە مەبەستی بەدیهێنانی گەشەی ڕاوەستاو و پاراستنی سامانی گشتی.
١٠.٦. وەڵامدەرەوەیی و لێپرسینەوە: گشت هەڵگرانی ڕایەداری، لە بەرزترین پلەوە تا نزمترین ئاستی کارگێڕی، لەبەرامبەر بڕیار و کردارەکانیاندا وەڵامدەرەوەی قانوونیین. ڕایەداری بەندە بە بەرپرسیارێتییەوە و هەر بەد بەکارهێنانێکی دەسەڵات دەبێتە هۆی لێسەندنەوەی ڕایەداری.
١٠.٧. بێلایەنیی پیشەیی: دەزگای ڕایەداری دەبێت وەک پێکهاتەیەکی پیشەیی و نیشتمانی بمێنێتەوە و لە ململانێی پارتایەتی و لایەنگریی وارگێڕی بەدوور بێت، تاوەکو بتوانێت بە یەکسانی ڕاژەی گشت شارۆمەندان بکات.
یازدەیەم: شایستەسالاری
١١.١. شایستەسالاری،کۆڵەکەی پۆڵایینی هێزی دەوڵەت و پەیمانێکی پیرۆزی نێوان کۆمار و شارۆمەندانە؛ بریتییە لەو بنەما دەستوورییەی کە تێیدا پێسپاردنی هەر ئەرک، پێگە و بەرپرسیارێتییەکی گشتی، تەنیا و تەنیا لەسەر بنەمای لێهاتوویی زانستی، توانای کرداری و پاکی و دڵسۆزیی بێ مەرج بۆ دەستوور و نیشتمان دەبێت.
١١.٢. پێوەری شایستەیی: شایستەیی لە کۆماری کوردستاندا هاوکێشەیەکی سێ-ڕەهەندییە و لەسەر ئەم بنەمایانە هەڵدەسەنگێنرێت:
ئا. لێهاتوویی: هەبوونی پسپۆڕی، زانست و کارامەیی پێویست بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان بە بەرزترین ستاندارد.
ب. پاکی و ڕەوشتمەند: هەبوونی پێشینەیەکی بێگەرد و پابەندبوون بە ڕەوشتی پیشەیی و پاراستنی سامانی گشتی.
پ. وەفاداریی نەتەوەیی: دڵسۆزیی ڕەها بۆ سەروەریی کۆمار و بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە، دوور لە هەژموونی هەر هێز و ئایدۆلۆژیایەکی بیانی.
١١.٣. شایستەسالاری وەک کەرەسەی دژە-داڕزانی دەوڵەت: جێگیرکردنی ئەم بنەمایە بۆ ڕیشەکێشکردنی هەر جۆرە جەردەسالاری و خزمخزمێنەیەکی کارگێڕییە. هەر جۆرە دانان و پلەبەرزکردنەوەیەک لەسەر بنەمای جگە لە شایستەیی، وەک لایەنگریی پارتایەتی، خێڵەکی، ناوچەگەری، یان بەرژەوەندیی تایبەت، بە پێشێلکاریی سەلمێنراوی قورس لە بنەمای شایستەسالاری، پاکڕەوشتی و دادپەروەریی ڕاژەی گشتی هەژمار دەکرێت و بەپێی قانوون دەکرێت ببێتە بنەمای لێپرسینەوەی کارگێڕی، دارایی، یان تاوانی.
١١.٤. یەکسانی لە دەرفەتەکاندا: شایستەسالاری گەرەنتیی ئەوە دەکات کە وەرگرتنی پۆستی گشتی و ڕاژەی دەوڵەتی، مافێکی یەکسانە بۆ گشت شارۆمەندان. دەوڵەت ئەرکدارە بە بنیاتنانی پەرگاڵێکی ڕووەن و دادپەروەرانەی تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندن، کە تێیدا تەنیا "توانست" ببێتە بڕیاردەر، نەک "پەیوەندی".
١١.٥. پەروەردە وەک کارگەی شایستەیی: دەوڵەت شایستەسالاری وەک کولتوورێکی نیشتمانی لە پەرگاڵی پەروەردەوە دەچەسپێنێت. ئەرکی دەوڵەتە کە بێوچان بەدوای بەهرە و توانستە نایابەکاندا بگەڕێت و ژینگەی گەشەکردنیان بۆ بڕەخسێنێت، تاوەکوو نەوەیەکی نوخبە بۆ بەڕێوەبردنی جومگە هەستیارەکانی وڵات پێ بگەیەنێت.
١١.٦. سەربەخۆیی پیشەیی: هەر شارۆمەندێک کە بەپێی بنەمای شایستەسالاری پۆستێکی کارگێڕی-فەرمانگەیی پێ دەسپێردرێت، خاوەنی سەربەخۆیی پیشەیی دەبێت و نابێت بەهۆی گۆڕانکاریی وارگێڕی یان فشاری وارگێڕیی لە پۆستەکەی لاببرێت، مەگەر بەهۆی کەمبوونەوەی کارایی یان پێشێلکاریی قانوونییەوە بێت کە بە بەڵگە سەلمێندرابێت.
١١.٧. ئامانجی کۆتایی: شایستەسالاری ئامرازی گۆڕینی کۆمارە بۆ یەکەیەکی کارا، بەرهەمهێنەر و پێشەنگ، کە تێیدا باشترین مێشکەکان لە باشترین شوێنەکاندا بۆ ڕاژەی نەتەوە کار دەکەن.
دوازدەیەم: دەوڵەتی ژیر
١٢.١. دەوڵەتی ژیر، ڕەهەندی دیجیتاڵیی کۆمار و پەڕگاڵێکی دەسەڵاتداریی پێشەنگە کە تێیدا تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و ژیریی دەستکرد وەک ناوکی کارپێکەری دامەزراوەکان کار دەکەن؛ ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە گۆڕینی کارگێڕیی لاسایی بۆ دەسەڵاتدارییەکی داتا-تەوەر و خێرا کە توانای پێشبینیکردن و وەڵامدانەوەی ئاڵەنگارییەکانی هەبێت.
١٢.٢. درێژکراوەی سەروەریی: دەوڵەتی ژیر وارگەی دیجیتاڵی وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سەروەریی نەتەوەیی دەناسێنێت؛ ئەرکی پاراستنی "سەروەریی داتا" و ژێرخانە ئەلیکترۆنییەکانی نەتەوە لە هەر جۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکی یان داگیرکارییەکی زانیاریی لە ئەستۆ دەگرێت.
١٢.٣. کارایی و بێ-بیرۆکراسی: دەوڵەتی ژیر پڕۆسە کارگێڕییەکان خۆگەڕ دەکات بۆ کەمکردنەوەی تێچووی مرۆیی و دارایی، نەهێشتنی گەندەڵی و مسۆگەرکردنی ئەوەی کە ڕاژە گشتییەکان بە بێ جیاکاری و بە بەرزترین خێرایی بگەنە دەست شارۆمەندان.
١٢.٤. داتا وەک سامانی ستراتیژی: لەم پەڕگاڵەدا، داتا وەک "خوێنی دەمارەکانی دەوڵەت" سەیر دەکرێت؛ دەوڵەتی ژیر ئەرکی کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانستیی داتاکان دەگرێتە ئەستۆ بۆ داڕشتنی وارگێڕیی ورد و پشتئەستوور بە بەڵگە، نەک لەسەر بنەمای بۆچوونی کەسی.
١٢.٥. درێژەدارییەتی دەوڵەت: دەوڵەتی ژیر گەرەنتیی ئەوە دەکات کە لە کاتی هەر کارەساتێکی فیزیکی یان داگیرکارییەکدا، "ئاوەزی دەوڵەت" و ئەرشیڤی نەتەوەیی و پەرگاڵەکانی بەڕێوەبردن بە پارێزراوی بمێننەوە و پچڕانی دەستووری و دامەزراوەیی ڕوو نەدات.
١٢.٦. هاوسەنگیی مرۆیی-تەکنەلۆژی: سەرەڕای ژیریی پەڕگاڵەکە، دەوڵەتی ژیر هەمیشە لەژێر چاودێریی و کۆنترۆڵی واتاداری مرۆییدا دەمێنێتەوە؛ تەکنەلۆژیا تەنیا ئامرازی ڕاییکردنی ویستمەندیی نەتەوەیە و نابێت ببێتە بڕیاردەری سەربەخۆ لە جیاتی مرۆڤ.
سێزدەیەم: سەروەریی قانوون
١٣.١. سەروەریی قانوون، بنەمایەکی دەستووریی باڵایە کە تێیدا هەموو تاکەکان، ڕێکخراوەکان و خودی دەسەڵاتەکانی دەوڵەتیش بەبێ جیاوازی ملکەچی قانوونن؛ ئەم بنەمایە گەرەنتی دەکات کە دەسەڵات بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە (مەزاجی) و هەڕەمەکی ڕایی ناکرێت و هیچ کەس و پلە و پۆستێک لە سەرووی قانوون و لێپرسینەوەوە نییە.
١٣.٢. یەکسانیی قانوونیی: قانوون وەک قەڵغانێکی یەکگرتوو بۆ هەموو شارۆمەندان کار دەکات. گشت تاکێک مافی دەستگەیشتنی یەکسانی بە دادپەروەری هەیە و پێویستە بڕیارە دادوەری و کارگێڕییەکان تەنیا لەسەر بنەمای قانوون پێشوەختەکان و بەبێ لایەنگیری بن.
١٣.٣. پێشبینیکردنی قانوونیی: سەروەریی قانوون وا دەخوازێت کە قانوونەکان ڕوون، ئاشکرا و جێگیر بن، تاوەکو شارۆمەندان بتوانن ئاکامی قانوونیی کار و کردەوەکانی خۆیان پێشبینی بکەن، کە ئەمەش بناغەی متمانەی گشتی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتییە.
١٣.٤. ملکەچبوونی دەسەڵات: دەوڵەت و دامەزراوەکانی تەنیا لەو شوێنەدا دەسەڵاتیان هەیە کە قانوون پێی بەخشیون؛ هەر کردەوەیەکی دەسەڵات کە لە سنووری قانوون لابدات، بە دەستدرێژی بۆ سەر مافی نەتەوە هەژمار دەکرێت.
چواردەیەم: هاوئاگایی نەتەوەیی
١٤.١. هاوئاگایی نەتەوەیی، پەیمانێکی بوونناسانەی پێش-قانوونیی و پێش-وارگێڕییە؛ بریتییە لەو ژیریی کۆیی و خۆئاگاییە بەکۆمەڵ و ڕەگداکوتراوەی کە تاکی کورد بە نەتەوەکەیەوە دەبەستێتەوە و تێیدا نەتەوە وەک یەک "خودی مێژوویی" یەکگرتوو و خاوەن یەک ئاسۆی چارەنووس خۆی دەناسێتەوە.
١٤.٢. ئەم هاوئاگاییە لەسەر ئەم کۆڵەکە گەوهەرییانە ڕادەوەستێت:
ئا. بیرەوەریی بەکۆمەڵ: تێگەیشتن و هەستکردنی هاوبەش بە مێژووی شارستانی، نەبەردییەکان و ئەو ئازار و جینۆسایدانەی کە بەسەر جەستەی نەتەوەدا هاتوون و یادەوەریی نەتەوەییان پێک هێناوە.
ب. ویستی هەربوویی: تاسە و ویستمەندیی بێپسانەوەی نەتەوە بۆ گەیشتن بە سەروەریی ڕەها و پاراستنی بوونی خۆی لەسەر هێڵی کات.
پ. هاوبەشیی واتایی: یەکبوونی زمانی، فەرهەنگی و ڕەوشتی کە دەبێتە ئامرازی پاراستنی شوناس لەبەرامبەر هەر داگیرکارییەکی فەرهەنگی یان شێواندنێکی ناسنامەییدا.
١٤.٣. ژیریی کۆیی، هاوئاگایی نەتەوەیی، ویستی مێژوویی سەرچاوەی ڕەسەن و تاقانەی ڕەوایەتیی ئەم دەستوورەیە؛ دەستوور دروستکەری ئەم هاوئاگاییە نییە، بەڵکوو تەنیا ئامرازی گۆڕینی ئەم "ویستە نێوەکییە"ـیە بۆ "دەسەڵاتێکی قانوونیی" ئاشکرا لە قاڵبی دەوڵەتدا.
١٤.٤. ئەرکی پاراستنی گیانی: دەوڵەت ئەرکدارە بە پاراستنی ئەم هاوئاگاییە لە هەر جۆرە شێواندن، پەرتکردن یان لاوازکردنێک؛ هەر وارگێڕییەک کە ببێتە هۆی کوشتنی ئەم هەستە بەکۆمەڵە، بە هەوڵێک بۆ ڕووخاندنی کۆڵەکە گیانەکی و واتاییەکانی کۆمار و داڕزانی نەتەوەیی هەژمار دەکرێت.
١٤.٥. هاوئاگایی نەتەوەیی تەنیا لە ڕابردوودا ناژی، بەڵکوو هێزێکی ڕوو لە داهاتووە کە نەتەوە هان دەدات بۆ داهێنان، پێشەنگایەتی و بەشداریکردنی کاریگەر لە شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا وەک یەکەیەکی سەربەخۆ.
پازدەیەم: گەشەی ڕاوەستاو
١٥.١. گەشەی ڕاوەستاو، وارگێڕییەکی ستراتیژیی ئاوەزمەندانەیە بۆ هاوسەنگکردنی پێشکەوتنی ئابووری، دادی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ژینگە؛ بە جۆرێک کە دابینکردنی پێداویستییەکانی نەوەی ئێستا، نەبێتە هۆی تێکدانی "وار" و لاوازکردنی توانای نەوەکانی داهاتوو بۆ دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە.
١٥.٢. گەشەی ڕاوەستاو لە کۆماری کوردستاندا لەسەر ئەم سێ کۆڵەکە بنەڕەتییە ڕادەوەستێت:
ئا. هاوسەنگیی سروشتی: هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکان وەک جەستەی زیندووی نەتەوە، نەک تەنیا وەک کەرەستەی خاو بۆ بەکارهێنان.
ب. تواناسازیی ئابووری: گۆڕینی سامانە کاتییەکان (وەک نەوت و گاز) بۆ سەرمایەی هەردەمیی، مرۆیی و تەکنەلۆژی بۆ مسۆگەرکردنی سەربەخۆیی ئابووریی درێژەدار.
پ. دادی گشتگیر: دڵنیابوون لەوەی کە دەرەنجامەکانی گەشە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خۆشبژێویی گشت شارۆمەندان و کەمکردنەوەی جیاوازیی نێوان ناوچەکان.
١٥.٣. گەشە وەک ئەرکی نیشتمانی: ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵات نەک ماف، بەڵکوو ئەرکێکی دەستوورییە بۆ بەهێزکردنی خۆڕاگریی نەتەوەیی لەبەرامبەر ئاڵەنگارییە جیهانییەکاندا.
١٥.٤. ڕۆڵی "دەوڵەتی ژیر" لە گەشەدا: گەشەی ڕاوەستاو لە کوردستان پشت بە تواناکانی دەوڵەتی ژیر دەبەستێت بۆ شیکردنەوەی زانستیی داتاکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەفێڕۆدانی سەرچاوە نیشتمانییەکان و کەمکردنەوەی زیانە ژینگەییەکان.
١٥.٥. ڕاوەستاویی گەشە: کۆماری کوردستان تەنیا ئەو مۆدێلانەی گەشەپێدان پەیڕەو دەکات کە لەگەڵ گەوهەری نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتدا دێنەوە و نابنە هۆی دروستکردنی پشتبەستنی ستراتیژی بە هێزە دەرەکییەکان.
شانزەیەم: دادی نێوان نەوەکان (Intergenerational Justice)
١٦.١. دادی نێوان نەوەکان، بریتییە لەو پەیمانە ڕەوشتی و دەستوورییە هەردەمییەی کە تێیدا ماف و بەرژەوەندییەکانی نەوەکانی داهاتوو لەسەر وارگەی مێژوویی کوردستان، هاوتای مافی نەوەی ئێستا دەناسرێت؛ ئەم بنەمایە ڕێگری لەوە دەکات کە نەوەی ئێستا بە ناوی سەروەریی کاتییەوە، سەرچاوە ژینەکییەکانی پاشەڕۆژ زەوت بکات یان ژینگەی نیشتمان بۆ هەمیشە تێک بدات.
١٦.٢. "سپاردەی نەتەوەیی": نەوەی ئێستا تەنیا هەڵگری سپاردەیەکی مێژووییە و بەرپرسیارە لە پاراستنی گەوهەری فیزیکی و واتایی وڵات؛ هەر بڕیارێکی ڕایەداری یان ئابووری کە ببێتە هۆی پچڕاندنی زنجیرەی مانەوە یان سەپاندنی قەرزێکی گەورەی ژینگەیی و دارایی بەسەر نەوەکانی داهاتوودا، بە پێشێلکاریی ئەم دادە و ناپاکی لە دەستوور هەژمار دەکرێت.
١٦.٣. دادی نێوان نەوەکان لە سێ جومگەی سەرەکیدا بەرجەستە دەبێت:
ئا. دادپەروەریی سەرچاوەکان: گۆڕینی سامانە سروشتییەکان بۆ سەرمایەی زانستی، تەکنەلۆژی و ژێرخانیی کە نەوەکانی داهاتوو بتوانن سوودی لێ وەربگرن.
ب. دادپەروەریی ژینگەیی: پاراستنی پاکیی خاک، ئاو و هەوا وەک مەرجی بنەڕەتیی ژیانی نەوەکانی پاشەڕۆژ.
پ. دادپەروەریی شوناس: گەیاندنی زمان، مێژوو و یادەوەریی نەتەوەیی بە بێگەردی بۆ نەوەکانی داهاتوو وەک کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەیان.
١٦.٤. چاودێریی زیرەک: کۆماری کوردستان تواناکانی "دەوڵەتی ژیر" بەکار دەهێنێت بۆ پێوانەکردنی بێپسانەوەی کاریگەریی درێژخایەنی بڕیارە هەنووکەییەکان لەسەر داهاتوو، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هیچ پڕۆژەیەکی کورتخایەن نابێتە هەڕەشە بۆ سەر "هەرمانی نەتەوەیی".
حەڤدەیەم: شوناسی نەتەوەیی
١٧.١. شوناسی نەتەوەیی، چوارچێوەی قانوونیی و واتاییە کە تێیدا نەتەوەی کورد وەک "سوبێکتێکی مێژووساز" پێناسەی خۆی دەکاتەوە؛ ئەم شوناسە ناوکی گەوهەریی بوونایەتیی کۆمارە و لە یەکگرتنی "ڕەچەڵەکی مێژوویی" و "شارۆمەندیی دەستووری" دروست دەبێت.
١٧.٢. هاوکێشەی دوو-ڕەهەندیی شوناس: شوناسی نەتەوەیی لە کۆماری کوردستاندا لەسەر دوو کۆڵەکەی هاوتەریب بونیاد دەنرێت:
ئا. کوردبوون: ڕەهەندە ئۆنتۆلۆژی و مێژووییەکەیە کە لە ڕەچەڵەک، زمان و پاشماگی شارستانیی دێرینی سەر ئەم خاکە سەرچاوە دەگرێت و وەک بناغەی بوونایەتیی دەوڵەت دەمێنێتەوە.
ب. کوردستانیبوون: ڕەهەندە ژیاری و قانوونییەکەیە کە پەیوەندیی هاوڵاتیی و شارۆمەندیی نێوان تاک و دەوڵەت و وەفاداری بۆ دەستوور و خاکی وڵات دەچەسپێنێت، کە گشت شارۆمەندان بەبێ جیاوازیی ڕەچەڵەک لەخۆ دەگرێت.
١٧.٣. زمانی کوردی وەک کەرەسەی شوناس: زمان نەک هەر ئامرازی ئاخاوتن، بەڵکوو ژێرخانی شوناس و پاسەوانی یادەوەریی نەتەوەیە؛ هەر شێواندنێکی زمانی یان پەراوێزخستنی زاراوەکانی کوردی، بە هێرش بۆ سەر گەوهەری شوناسی نەتەوەیی هەژمار دەکرێت.
١٧.٤. سەقامیی واتایی: شوناس بریتییە لە مافی نەتەوە بۆ پێناسەکردنی خۆی بەو وشانەی کە لە ناخی مێژووی خۆیەوە هەڵقوڵاون؛ پاراستنی شوناس لە "داگیرکاریی واتایی" و ئایدۆلۆژیا بیانییەکان کە ئامانجیان گۆڕینی ناسنامەی کوردە بۆ پاشکۆ، ئەرکێکی باڵای ئاسایشی نەتەوەییە.
١٧.٥. ئەرکی گواستنەوەی شوناس: شوناس پاشماگێکی بێوچانە کە دەبێت لە ڕێگەی پەروەردە، هونەر و مێدیاوە بە بێگەردی بگوێزرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، تاوەکوو "درێژەدارییەتیی مێژوویی" نەتەوە لەسەر هێڵی کات نەپچڕێت.
هەژدەیەم: شارۆمەندی پێشمەرگە
١٨.١. شارۆمەندی پێشمەرگە، پێگەیەکی دەستووریی باڵایە کە تێیدا مافەکانی شارۆمەندی و ئەرکی پیرۆزی پاراستنی وڵات لە یەک جەستەدا ئاوێتە دەبن؛ گێڕانەوەیە لە تاکێک کە ژیانی تایبەتی خۆی و مانەوەی نەتەوەکەی بە یەک چارەنووسەوە گرێ داوە.
١٨.٢. ئەم شوناسە لە ساتەوەختی خواردنی سوێندی وەفاداری بۆ "دەستوور" دەچەسپێت؛ بەم کردەیە، شارۆمەند لە وەرگرێکی ڕاژەدارییەوە دەگۆڕێت بۆ پاسەوانێکی ئاگاهانە کە بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی پاراستنی سەروەریی کۆماری لە ئەستۆ دەگرێت.
١٨.٣. شارۆمەندی پێشمەرگە پاسەوانی زیندووی پەڕگاڵی دەستوورییە لە ژیانی ڕۆژانەدا؛ ئەرکی تەنیا لە بەرگریی چەکداری لە سنوورەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکوو بریتییە لە پاراستنی بەهاکان، قانوونەکان و یەکپارچەیی گیانیی کۆمەڵگا لە بەرامبەر هەر هەوڵێکی داڕزاندن یان تێکدان.
١٨.٤. ئەم چەمکە بەرجەستەبوونی دۆکترینی "نەتەوەی چەکدار"ـە؛ ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە کۆماری کوردستاندا، هێزی دەوڵەت نەک لە چەک، بەڵکوو لە ویستمەندیی ڕێکخراوی شارۆمەندانەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئامادەن لە کاتی پێویستدا تواناکانی خۆیان بخەنە ڕاژەی نیشتمانەوە.
١٨.٥. شارۆمەندی پێشمەرگە وەک "قەڵغانی کۆتایی" نەتەوە پێناسە دەکرێت؛ لە کاتی هەر هەڕەشەیەکی بوونایەتی یان داگیرکارییەکدا کە دامەزراوە فیزیکییەکان بخاتە مەترسییەوە، ئەم پێگەیە گەرەنتیی درێژەدارییەتیی بەرگری و نەفەوتانی سەروەریی نەتەوەیی دەکات.
١٨.٦. ئەم پێگەیە شوناسێکی نەتەوەیی سەروو- پارتایەتی و سەروو-ناوچەییە؛ تێیدا هەموو جیاوازییە لاوەکییەکان دەتوێنەوە و تەنیا یەک یەکەمایەتی دەمێنێتەوە، ئەویش پاراستنی شکۆ و هەرمانی کوردستانە وەک ماڵی هاوبەشی هەمووان.
١٨.٧. شارۆمەندی پێشمەرگە، ڕێزگرتنە لە پاشماگی مێژوویی تێکۆشان و گواستنەوەیەتی بۆ قاڵبێکی دەوڵەتمەداریی مۆدێرن؛ گەرەنتیی ئەوە دەدات کە نەتەوەی کورد هەرگیز و لەژێر هیچ بارودۆخێکدا، جارێکی دیکە بێ بەرگری و بێ پەنا نامێنێتەوە.
نۆزدەیەم: شکۆی نەتەوەیی
١٩.١. شکۆی نەتەوەیی، کۆی گشتیی ئەو بەها و شکۆمەندییە گەوهەرییانەیە کە کەسایەتیی مێژوویی و دەوڵەتیی نەتەوەی کورد پێک دەهێنن؛ بناغەی ڕەوشتیی سەروەرانەی و سەرچاوەی متمانەی بەخۆبوونی بەکۆمەڵە کە واتا بە بوونی وارگێڕیی دەوڵەت دەبەخشێت.
١٩.٢. ئەم شکۆیە لە ڕەسەنایەتیی شارستانییەتە دێرینەکانی سەر خاکی کوردستان و ویستمەندیی نەشکێنراوی نەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی زۆرداری و پاراستنی بوونی خۆیەوە هەڵدەقوڵێت؛ هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئەم شکۆیە، بە دەستدرێژی بۆ سەر خودی "بوون"ـی نەتەوە هەژمار دەکرێت.
١٩.٣. شکۆی نەتەوەیی بە توندی بە سەربەخۆیی و سەروەرییەوە گرێ دراوە؛ نەتەوەی بێدەوڵەت نەتەوەیەکە کە شکۆی مێژوویی لەتکراوە، و دامەزراندنی کۆماری کوردستان، کردەی گەڕاندنەوەی ئەو شکۆیە و چەسپاندنیەتی وەک یەکەیەکی هاوتا لە پەڕگاڵی جیهانییدا.
١٩.٤. ئەم بەهایە وەک "داراییەکی واتایی" پارێزراو دەناسرێت؛ دەوڵەت ئەرکدارە بە بەرەنگاربوونەوەی هەر گوتار یان کردەوەیەک (چ ناوخۆیی و چ دەرەکی) کە ئامانجی سووکایەتیکردن، بچووککردنەوە، یان شێواندنی شوناس و یادەوەریی نەتەوەیی بێت.
١٩.٥. شکۆی نەتەوەیی، ئاوێنەی شکۆی هەر تاکێکی شارۆمەندە؛ دەوڵەت لە ڕێگەی دابینکردنی ژیانێکی شایستە، پەروەردەیەکی باڵا و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، شکۆی نەتەوەیی لەناو جەستەی هەر شارۆمەندێکدا بەرجەستە دەکات تاوەکوو مرۆڤی کورد لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، هەست بە پارێزراویی و بەرزی بکات.
١٩.٦. پاراستنی شکۆی نەتەوەیی، پێویستی بە "سەقامیی واتایی" هەیە؛ ئەمە بە واتای مافی ڕەهای نەتەوە دێت بۆ پێناسەکردنی خۆی، مێژووەکەی و ئامانجەکانی، بەو زمان و چەمکانەی لە ناخی مێژووی خۆیەوە هەڵقوڵاون، نەک ملکەچبوون بۆ ئەو پێناسانەی کە داگیرکەران بەسەریدا دەسەپێنن.
١٩.٧. شکۆی نەتەوەیی، پێوەر و مەرجی هەڵسوکەوتی یەکسانە لەگەڵ نەتەوەکانی تردا؛ کۆماری کوردستان تەنیا ئەو پەیوەندییە نێودەوڵەتی و وارگێڕییانە پەسەند دەکات کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوولایەنە لە شکۆ، شوناس و سەربەخۆیی کوردستان دامەزرابن.
بیستەم: سەرمایەداریی نیشتمانی
٢٠.١. سەرمایەداریی نیشتمانی، بزوێنەری خۆ-ئامانجی گەشەی هێزی نەتەوەییە؛ ئەم هێزە لە پێناو فراوانکردنی قازانج، سەرمایە و قەڵەمڕەوی دارایی خۆیدا کار دەکات و لەم ڕێگەیەوە، بە شێوەیەکی خۆگەڕ، دەبێتە هۆی مۆدێرنیزەکردنی ژێرخانەکان، پێشخستنی زانست و بەهێزکردنی جەستەی دەوڵەت.
٢٠.٢. ڕەوایەتیی ئەم سەرمایەدارییە بەندە بە قەتیسکردنی "خولی سەرمایە" لە ناو وارگەی نەتەوەییدا و ڕێگریکردن لە خوێنبەربوونی دارایی نەتەوە بەرەو دەرەوەی وڵات؛ سەرمایەداریی نیشتمانی تەنیا لەو شوێنەدا بە فەرمی دەناسرێت کە قازانجە بەدەستهاتووەکان دووبارە لە پڕۆژە بەرهەمهێنەرە ناوخۆییەکاندا وەبەرهێنانیان پێ بکرێتەوە بۆ گەورەکردنی بازاڕی نیشتمانی.
٢٠.٣. ئاسوودەیی چینی ناوەند و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی، نەک وەک ئامانجێکی خێرخوازی، بەڵکوو وەک دەرهاویشتەیەکی لۆژیکیی پێداویستیی سەرمایە بۆ هێزی کاری پسپۆڕ و بازاڕی کڕیاری بەتوانا دێتە کایەوە؛ بەمەش گەشەی سەرمایەداری دەبێتە گەرەنتیی جێگیریی ئابووری و بەرزبوونەوەی چلۆنایەتیی ژیان بۆ شارۆمەندان.
٢٠.٤. سەرمایەداریی نیشتمانی وەک "هاوبەشی ستراتیژیی دەوڵەت" پێناسە دەکرێت؛ تێیدا دەوڵەت ژینگەی قانوونیی و ئاسایشی وەبەرهێنان دابین دەکات، و سەرمایەش ئەرکی پێشەنگایەتیی تەکنەلۆژی و پیشەسازیی کوردستان لە ئاستی جیهانیدا دەگرێتە ئەستۆ.
بیست و یەکەم: ساغکردنەوەی دیمۆگرافی
٢١.١. ساغکردنەوەی دیمۆگرافی، پرۆسەیەکی زانستی و دەستووریی ستراتیژییە بۆ ڕاستکردنەوەی جەستەی نەتەوەیی و گێڕانەوەی هاوسەنگیی سروشتی بۆ ئەو ناوچانەی کە بە هۆکاری مێژوویی یان وارگێڕی (سیاسی) تووشی سڕینەوەی شوناس یان گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتووان بوون؛ ئامانجی ئەم پرۆسەیە هاوتایکردنی "کەتواری دانیشتووان"ـە لەگەڵ "ڕەوایەتیی مێژوویی وار".
٢١.٢. ئەم چەمکە لەسەر بنەمای "ناقانوونییبوونی ئەنجامی زەبر" ڕادەوەستێت؛ کۆماری کوردستان گشت ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییانەی کە لە پاش شەپۆلەکانی داگیرکارییەوە (لە فتووحاتە کۆنەکانەوە تا پاکتاوە نەژادییەکانی سەردەمی مۆدێرن) بەسەر خاکی کوردستاندا هێنراون، بە کردەوەیەکی نادروست و نادەستووری دەناسێنێت کە تێپەڕبوونی کات ڕەوایەتییان پێ نابەخشێت.
٢١.٣. ڕەهەندەکانی ساغکردنەوە لەم سێ جومگەیەدا بەرجەستە دەبێت:
ئا. ساغکردنەوەی فیزیکی: هاندانی گەڕانەوەی سیستماتیکی نەتەوەی کورد بۆ ئەو ناوچانەی لێی دابڕێنراون و دابینکردنی ژێرخانی پێویست بۆ جێگیربوونیان.
ب. ساغکردنەوەی واتایی: گێڕانەوەی ناوە ڕەسەنەکان بۆ شوێنە جوگرافییەکان و سڕینەوەی ئەو ناسنامە دەستکردانەی کە داگیرکەران بەسەر "واری نەتەوەیی"ـدا سەپاندوویانە.
پ. ساغکردنەوەی قانوونیی: پووچەڵکردنەوەی گشت ئەو هەڵسوکەوت و بەڵگەنامانەی مڵکایەتی کە وەک ئامرازی گۆڕینی دیمۆگرافیا بەکار هێنراون.
٢١.٤. ساغکردنەوەی دیمۆگرافی ئامرازێکی بنەڕەتیی ئاسایشی نەتەوەییە؛ ئامانجی کۆتایی بریتییە لە مسۆگەرکردنی ئەوەی کە وارگەی مێژوویی کوردستان هەمیشە وەک قەڵایەکی تێکشنکێنراوی شوناسی کوردی بمێنێتەوە و هیچ کەمینەیەکی دەستکرد نەتوانێت ببێتە هۆکاری پەکخستنی سەروەریی دەوڵەت یان تێکدانی یەکپارچەیی وڵات.
٢١.٥. ئەم پرۆسەیە ئەرکێکی درێژخایەنی دەوڵەتە و لە ڕێگەی "دەوڵەتی ژیر" و "پلانی نیشتمانیی ساغکردنەوە"ـوە بە شێوەیەکی زانستی و هەنگاو-بە-هەنگاو ڕایی دەکرێت، تاوەکوو جارێکی دیکە جوگرافیای نیشتمان لەگەڵ مێژووی نەتەوەدا یەک بگرێتەوە.
بیست و دووەم: گەڕیاریی نیشتمانی
٢٢.١. گەڕیاری، پڕۆسەی ئاوەزمەندانە و پیشەسازییەکی ستراتیژییە بۆ نواندنی شوناسی شارستانیی نەتەوە و گۆڕینی "وار" بۆ مەکۆیەکی جیهانیی زانین و بینین؛ گەڕیاری نەک هەر چالاکییەکی کاتبەسەربردن، بەڵکوو ئامرازێکی "هێزی نەرم"ـی کۆمارە بۆ چەسپاندنی گێڕانەوەی ڕاستگۆیانەی کورد لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
٢٢.٢. ئەم چەمکە گوزارشتە لە هاوسەنگیی نێوان "گەشەی ئابووری" و "پاراستنی ڕەسەنایەتی"؛ تێیدا گەڕیاریی نیشتمانی پابەندە بە بەرزڕاگرتنی شکۆی شوێنەوارە پاتارناسییەکان (باوانناسی) و پاراستنی بێگەردیی ژینگەی کوردستان وەک داراییەکی نیشتمانیی دەستلێنەدراو، بە جۆرێک کە گەشەپێدان نەبێتە هۆی شێواندنی جەستەی سروشتی و مێژوویی وڵات.
٢٢.٣. گەڕیاری ڕەهەندێکی بەرگریی ئابووری و دارایی هەیە؛ دەوڵەت لە ڕێگەی هاندانی گەڕیاریی ناوخۆیی و ڕێکخستنی دەستووریی "فەرد"ـە دەرەکییەکان (گەشتەکان بەرەو دەرەوە)، ڕێگری لە خوێنبەربوونی دراوی نیشتمانی دەکات و کار بۆ ئەوە دەکات کە سامانی وڵات لە ناوخۆی کوردستاندا لە جووڵەی ئاوەدانکەرەوەدا بمێنێتەوە.
٢٢.٤. لە ڕوانگەی ئاسایشی نەتەوەییەوە، گەڕیاری چوارچێوەیەکی قانوونییە بۆ ڕێکخستنی کارلێکی نێوان کۆمەڵگای کوردستان و بیانییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوولایەنە؛ دەوڵەت ئەرکدارە بە پاراستنی وڵات لە هەر جۆرە دزەکردنێکی هزری یان هەواڵگریی کە لەژێر پەردەی گەڕیاریدا ئامانجی لاوازکردنی شوناسی نەتەوەیی یان تێکدانی پەڕگاڵی گشتی بێت.
